كوردەكان گوندەكانی گەرمەسێر چۆڵ دەكەن

:: PM:03:57:24/05/2018 ‌
ناوچەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە كە بە "گەرمەسێر" ناسراوە، بەهۆی هەڕەشەی عەرەبی هاوردە، سوپای عێراق و تیرۆرستانی داعش، مەترسی بۆ سەر گوندنشینان دروست بووە و كوردەكان خەریكە ئەو گوندانە چۆڵ بكەن.

خەلیل عەبدولكەریم نوێنەری ئاوارەكانی شارەدێی گوڵاڵە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە لەم هەفتەیەدا عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی بەعس بەخۆیان و تراكتۆرەكانیانەوە چوونەتە گوندی (فەرەج) لە نێوان شارەدێی گوڵاڵە /سەربە شارۆكەی خانەقین/ و بەو هۆیەوە شەڕ دروست بووە.

نوێنەرەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە "دوای تەحەمولێكی زۆر كۆمەڵێك ماڵی كورد لە ناوچەكە هەڵاتوون، چونكە بەرپرسانی شارەدێی گوڵاڵە پشتگیری عەرەبەكان دەكەن".

ناوچەی كوردستانییەكانی سنووری دیالە كە خۆی لە شارەبان، گوڵاڵە، مەندەلی، قەرەتەپە، جەبارە و سەعدیە دەبینێتەوە، لە 2005ـەوە تا ئێستە ناوچەی گەرمی شەڕ و ماملانێی تایفییە. بەڵام كوردەكان بێكەس ماونەتەوە و عێراق رێ نادات پێشمەرگە رۆڵ لە پاراستنیاندا ببینێ.

لای خۆیەوە رۆكان محەمەد بە نوێنەرایەتی جووتیارانی گوندی فەرەج بانگەوازێكی ئاراستەی بەرپرسانی خانەقین كردووە و داوا دەكات فریایان بكەون، بەڵام بەرپرسانی حزبی و حكومی وەڵامیان نەداونەتەوە تا ئێستە، بۆیە دۆخی ناوچەكە نائارام بووە و مەترسی شەڕی كورد و عەرەبی لێ دەكرێ.

ئەوە لە كاتێكدایە جیا لە گوندی فەرەج، هەر لەم هەفتەیەدا سوپای عێراق گوندی "تەپەچەرموو"ی كوردنشینبی داگیر كرد لەهەمان ناوچە.

رائید سمكۆ عەلی بەڕێوەبەری ئاسایشی كوڵەجۆ، بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدات كە خانووی گوندنشینانی كورد كراوەتە سەربازگەی عێراقی، بۆیە ژمارەیەك ماڵی ئەو گوندە ناوچەكەیان بەحێهێشت و روویان كردووەتە گەرمیان.

ئەو بەرپسە تەناهییە روونیشی كردەوە كە هێرشە بەردەوامەكانی داعش لە ناوچەی شێخ باوە لە سنووری گەرمەسێر، بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتییانی ناوچەكە بۆیە خەڵكەكە ناوچەكان جێ دیڵن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" زیاتر لە 20 ماڵباتی گوندەكانی گەرمەسێر لەم هەفتەدا روویان لە كەلار كردووە كە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و نزیكترین ناوچەیە لە گەرمەسێرەوە.

گوندەكانی گەرمەسێر كە زۆرینەیان بە "گوندەكانی شێخ باوە" ناسراون پشت بە كاری كشتوكاڵی دەبەستن و لە پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی باڵێكی یەكێتی كەوتنە دەست سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە.

گەرمیان/سەبری هۆرێنی 


وشە - تایبه‌ت