دوا وادەی ڕاگرتنی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان ڕاگەیەنرا

كۆمپانیای میكس میدیا لەبارەی ڕاگرتنی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان و دەست پێ كردنی سیستەمی نوێی كەناڵەكان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دوا وادەی ڕاگرتنی پەخشی سیستەمی كۆنی كەناڵە ناوخۆییەكانی ڕاگەیاندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئایار/ مایۆ، بەپێی ڕاگەیانراوێكی كۆمپانیای میكس میدیا تێیدا هاتووە، لە 19ی ئایارەوە دەستكراوە بە كۆد كردنی سەرجەم كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان لە سەنتەری شاری هەولێر و سلێمانی و سیستەمی پەخشی ئەو دوو شارە هاوتا كراوە.

ڕوونیشی كردووەتەوە كە گۆڕینی پەخشی كەناڵەكان لە سیستەمی پێشوو بۆ سیستەمی نوێ‌ بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتی و جێگیركردنی پەخشەكانە.

میكس میدیا لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە كەناڵەكانی ناوخۆی لە ماوەی 26ی ئەم مانگە تا دووی مانگی شەش تەواوی پەخشی كەناڵەكان دەكەوێتە سەر سیستەمە نوێیەكە و كەناڵەكان تەنیا لەسەر رسیڤەرەكانی میكس میدیا دەبینرێن.

كۆمپانیای میكس میدیا وەك گەورەترین كۆمپانیای پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت پێشتر ڕای گەیاندبوو كە نرخی ئامێرەكەی بە 39 هەزار دینارە و دواتر دەبێت لە ڕێگەی كارتی كەناڵەكانەوە پەخشەكان بكڕێتەوە كە بۆ هەر مانگێك سێ‌ هەزار دینارە.

ئێستە ژمارەیەك كەناڵی ناوخۆی لە سەرەتای پڕۆسەكەدا پەخشەكانیان ڕاگیراوە و بەپێی ئەو ڕاگەیانراوەبێت تا سەرەتای مانگی داهاتوو بەبێ‌ ئامێرەكەی ئەو كۆمپانیایە هیچ كەناڵێكی ناوخۆی نابینرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:04:37:24/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 21200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌