مەهاتیر مالیزیا لە گەندەڵی ڕزگار دەكات؟

:: PM:04:56:24/05/2018 ‌


دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە 10ی ئەم مانگە و سەركەوتنی مەهاتیر محەمەد بەسەر حزبی دەسەڵاتدار كە هەر خۆی پێش 22 ساڵ سەرۆكی بووە. مەهاتیر لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی سەركەوتن بەسەر گەندەڵی بە دەنگدەران دابوو، لەكاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتیش لەماوەی كەمتر لە 10 رۆژ ئەوەی ئەنجامی داوە بووەتە جێی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

مەهاتیر دوای وازهێنانی لە دەسەڵات پێش 22 ساڵ، ساڵی 2016 لە ریزی "رێكخراوی نیشتمانی یەكگرتوو"ی دەسەڵاتدار چووە دەرەوە و رای گەیاند مانەوەی لەو رێكخراوە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ گەندەڵییەكانی نەجیب عەبدوڵڕەزاقی سەرۆك وەزیران و سەركردەی حزبەكە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، مەهاتیر رای گەیاند حوكمی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار كۆتایی هات و ئێستە كاتی راگەیاندنی حكوومەتێكی نوێیە، هاوكات نەجیب عەبدوڵڕەزاقیش دانی بە شكستی خۆی نا و رای گەیاند كە رێز لە بڕیاری گەل دەگرێت و رێز لە بنەماكانی دیموكراتیەتی پەرلەمانی دەگرێت.

 دوای دوو هەفتە لە وەرگرتنی دەسەڵات لە مالیزیا، مەهاتیر دەستی كرد بەجێبەجێكردنی بەڵێنەكانی و بڕیاری دا نەجیب عەبدوڵڕەزاق سەرۆك وەزیرانی پێشتر و چەندان وەزیر و بەرپرسی تر بۆیان نییە لە وڵات بچنە دەرەوە و گەشت بكەن.

نەجیب، رووبەڕووی چەندان تۆمەت كرایەوە لەوانە حەواڵەكردنی 700 ملیۆن دۆلار لە سندووقی وەبەرهێنانی سەر بە دەوڵەت لە ساڵی 2015، ئەگەرچی پێشتر لەسەر ئەو دۆسیەیە بە ئەستۆپاكی لێی دەرچوو، بەڵام گرتنەوەی دەستی دەسەڵات لەلایەن مەهاتیری 92ی ساڵی، هەموو شتەكان گۆڕانیان بەسەردا هات.
نەجیب عەبدوڵڕەزاق بەكۆمەڵێك تاوانەوە تۆمەتبار كراوە لەوانە حەواڵەكردنی چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی لە سندووقی گەشەسەندنی نیشتمانی مالیزی، كە لەو بڕە پارەیە 700 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر حسابی تایبەتی خۆی لە بانك.

دەسەڵاتدارانی مالیزیا، نەجیب عەبدوڵڕەزاق و هاوسەرەكەیان خستە لیستی ئەوانەی نابێت وڵات بەجێ بهێڵن، دوای ئەوەی هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكەشی دەستیان بەسەر 284 سندووق گرت كە لەناو 72 جانتای دەستی گرانبەها هەڵگیرا بوون، پڕ بوون لە پارە و خشڵ و زێڕ، ئەمەش وەك بەشێك لە شووشتنەوەی پارە حیساب دەكرێت.

حكوومەتەكەی نەجیب عەبدوڵڕەزاق چەندان بڕیاری ئابووری بەسەر خەڵكدا سەپاند كە بەهۆیەوە كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری  سێكتەری پیشەسازی مالیزیا دروستكرد لەوانە زیادكردنی باجی نوێ و رەتكردنەوەی بڕیاری پشتگیری سووتەمەنی، ئەو دوو بڕیارە كاریگەری نەرێنی لەسەر شەقام لێكەوتەوە.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، مەهاتیر چوارشەمی رابردوو رای گەیاند لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە هەموو باجەكانی پێشتر هەڵدەوەشێنەوە و كاریان پێ ناكرێت. ئەمەشیان بەشێك بوو لە بەڵێنی هەڵبژاردن كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە خەڵكی مالیزیای دابوو.

 هاوكات وەزارەتی دارایی وڵاتانی ئاسیا رای گەیاند كە باجی لەسەر كەلوپەل و خزمەتگوزاری كە بڕەكەی 6% بوو، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەو باجە هەڵدەگیرێت و دەبێت  هەموو دامەزراوەكان پابەند بن پێیەوە.

جێی باسە بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 باج لە مالیزیا كاری پێكرا و لەسەر هەندێك كۆمپانیا و كەلوپەل دانرا، لەگەڵ ئەمەشدا بەشێوەیەكی گشتگیر كاری پێ نەدەكرا لە ترسی پەرچەكرداری هاووڵاتییان.
بەڵام ساڵی 2015 حكوومەتی نەجیب عەبدوڵڕەزاق رای گەیاند كە هەمواری یاساكەی كردووە و یاسایەكی نوێی دەركردووە و باجیشی زیاد كردووە.


دیاری بۆ حكوومەت
هەفتەی رابردوو مەهاتیر داوای لە هاووڵاتییانی مالیزیا كرد كە چیتر دیاری گرانبەها بۆ بەرپرسانی دەوڵەت نەبەن، دیارییەكانیان تەنیا گوڵ یان خواردن بێت.

لە بەشێكی تری قسەكانی كە ماڵپەڕی "رووسیا یەوم" لە میدیا لۆكاڵییەكانی مالیزیا گواستویەتییەوە، باسی لەوەكردەوە كە مەهاتیر سوپاسگوزاری هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كردووە كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن پشتگیریان كردووە و دەنگیان پێداوە.

گوتی "هەر لە ئێستەوە دەمانەوێت جەخت لەوە بكەینەوە كە هیچ گەندەڵییەك نابێت لە حكوومەتی نوێ هەبێت"، زیاتر گوتی "دەبێت ئیدارەی دەوڵەت بە سەروەری یاساوە بەڕێوە بچێت و هەمووان بەرانبەر بە یاسا یەكسان بن، با پلە و پۆستی هەر چیەك بێت".
 
گێڕانەوەی ماڵی گشتی
مەهاتیر سەرۆك وەزیرانە كۆن و ئێستەی مالیزیا كە هاتووەتەوە بۆ ئەوەی وڵات لە لێواری كەوتن و تەنگژەیەكی گەورەی ئابووری و دارایی رزگار بكات، جەختی كردەوە كە كار دەكات بۆ گێڕانەوەی ئەو ملیارەها دۆلارانەی لە رێگەی شووشتنەوەی پارەوە حەواڵە كراوە بۆ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئەمەریكا و سویسڕا.

رۆژی چوارشەمی رابردوو مەهاتیر ئاماژەی بەوەدا دەیەوێت ئەو پارەی بردراوەتە دەرەوەی وڵات بیگەڕێنێتەوە بۆ دانەوەی قەرزی حكوومەت كە ماوەی چەندان ساڵە لەسەری كەڵەكە بووە.

زیاتر گوتی "هەمیشە جەختكردنەوە لەسەر گەندەڵی گرنگە، چونكە ئێمە پێویستیمان بەو پارانە هەیە لە سویسڕا و ئەمەریكا و سەنگاپوورەن، لەگەڵ حكوومەتەكانی ئەو وڵاتانە قسە دەكەین بۆ گێڕانەوەیان".
 
لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان حكوومەت مۆڵەتی داوە بە محەمەد ئاباند سەرۆكی داواكاری گشتی كە كاتی خۆی لە لێپرسینەوە لەگەڵ نەجیب عەبدوڵڕەزاق سەرۆك وەزیران ئەستۆ پاكی بۆ كرد لەسەر حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات.

سەرچاوە/ مسڕاوی



وشە - فه‌رمان سادق