ئەوپەنابەرە كوردەی دەمی دووری ئازاد كرا

:: PM:05:15:24/05/2018 ‌
هەفتەی ڕابردوو پەنابەرێكی كورد بەهۆی هێشتنەوەی لە زیندانی یەكێك لە كەمپەكان لەلایەن حكوومەتی بەریتانیا دەمی خۆی دووری، ئەو پەنابەرە ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئازاد كرا.

ئەمڕۆ پینجشەم 24ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی فیدڕاسۆنی پەنابەران هاتووە، دانا ئەو پەنابەرە كوردەی ماوەی حەوت رۆژ لە ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە ڕاگرتنی لە زیندان دەمی دووریەوە بەهۆی ناجێگری باری تەندروستی داوای لە بەرپرسانی زیندانەكە كرد ئەگەر ئازادی بكەن ئامادەیە مانگرتنەكەی بشكێنێت، بۆیە بڕیاری ئازاد بوونی درا و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەمی كردەوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە دەڵێت، مامەڵەی بەرپرسانی حكوومەتی بەریتانیا وای كردووە كە پەنا بۆ بەستنی دەمی خۆی ببات، چونكە وەك خۆی دەڵێت" نا ئومێد بووە و لە منداڵەكانی دوور كەوتووەتەوە".

پێشتر دانا ڕای گەیاندبوو ماوەی 17 ساڵە لەوڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی چوار مناڵە، هاوكات ساڵی 2015 جارێكی تر دیپۆرتی بەغدا كراوەتەوە و بە پارەیش لە زیندان ئازاد كراوە.



وشە - رامیار جەواد