سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتیى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كارگێڕیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان: ناوچه كوردستانییه‌كان 45%ى خاكى باشوورى كوردستان پێك دێنن بۆیە پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كان بكشێته‌وه گۆمى خوێن دروست ده‌بێت
نه‌سره‌دین سندى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتیى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كارگێڕیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راى ده‌گه‌یه‌نێت، ناوچه كوردستانییه‌كان كه 45%ى خاكى باشوورى كوردستان پێك دێنن و نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س له‌و ناوچانه‌دا نیشته‌جێن، هه‌رچه‌ند ته‌واوى ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه له ده‌ست داعش ئازاد كراون، به‌ڵام وه‌ك سندى روونى ده‌كاته‌وه، تا ئێسته هیچ رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه ئازادكراوه‌كاندا نییه.
سندی له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كان بكشێته‌وه گۆمى خوێن دروست ده‌بێت.
ناوچه كوردستانییه‌كان رووبه‌رى چه‌ند له خاكى باشوورى كوردستان پێك دێنن؟
به‌دیاریكراوى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كارگێڕیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان 45%ى خاكى باشوورى كوردستان ده‌گرێته‌وه. له‌وه‌ته‌ى شه‌ڕى داعش و پاشه‌كشه‌ى سوپاى عێراق، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان سه‌رووى 90%ى ناوچه كوردستانییه‌كانیان له چه‌نگ داعش رزگار كردووه‌ته‌وه.
ئایا رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ مانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه؟
تا ئێسته هیچ رێككه‌وتنێكى سیاسى له نێوان حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه رزگاركراوه‌كاندا نییه. كاتێك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غداى كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆ بووه‌وه و دواتر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى ئازادكردنى مووسڵ ده‌ستى پێ كرد، ده‌بوو ئه‌وكات رێككه‌وتنى سیاسى بكرایه و هه‌رێمى كوردستان ئۆپه‌راسیۆنى مووسڵى وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كان به‌كار بهێنایه، به‌ڵام رێككه‌وتنى سیاسى نه‌كرا، هاوكات به‌شێك له ناوچه‌كان له‌لایه‌ن سوپاى عێراق كۆنتڕۆڵ كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كان زۆر دوا ده‌خات.
رووبه‌رێكى فره‌وان له ناوچه كوردستانییه‌كان به‌هۆى داعشه‌وه وێران بوون، ئایا پرۆسه‌یه‌كى ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه؟
تا ناوچه كوردستانییه‌كان به‌ته‌واوه‌تى كۆنترۆڵ نه‌كرێنه‌وه، ئێمه نازانین كه‌ى قوناغى ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و گه‌ره‌نتیى ته‌ناهى و ئاسایشى ئه‌و ناوچانه چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ئێسته 90%ى ناوچه كوردستانییه‌كان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه كۆنتڕۆڵ كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكى زۆر گرنگه بۆ دیاریكردنى سنوورى باشوورى كوردستان، به‌تایبه‌تى له ده‌شتى نه‌ینه‌وا، دواى ئه‌و قۆناغه ده‌كرێت هه‌نگاوى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بووژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه ده‌ست پێ بكات و پلانى ته‌ناهى بۆ پاراستنى دانیشتووانه‌كه‌ى دابڕێژرێت. ده‌بێت هاوپه‌یمانان بێنه سه‌ر خه‌ت و ده‌ست به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه بكه‌ن كه به‌هۆى شه‌ڕى داعش وێران بوون، چونكه له‌مكاته‌دا عێراق و ته‌نانه‌ت كوردستانیش ناتوانن ئه‌و ناوچانه ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه به تایبه‌تى له‌م ته‌نگژه دارایییه‌دا.
وێرانكارییه‌كى زۆر له ناوچه كوردستانییه‌كان كراوه و هه‌ندێك له‌و ناوچانه وه‌ك شنگال 60%ى خاپوور كراوه. ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ى ناوچه كوردستانییه‌كان پێشتر پڕۆژه‌یه‌كمان داوه‌ته ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رژمێرى ته‌واو له‌و ناوچانه‌دا بكرێت و دواتر ده‌ست به ئاوه‌دانكردنه‌وه بكرێت، به‌ڵام تا ئێسته هیچ دیار نییه.
ژماره‌ى دانیشتووانى ناوچه كوردستانییه‌كان چه‌ند ده‌بێت؟
نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س له ناوچه كوردستانییه‌كاندا ده‌ژین. له دواى داگیركارییه‌كانى داعشه‌وه، به‌شى زۆرى هاووڵاتییانى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كارگێڕیى هه‌رێمى كوردستان ئاواره بوون و له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و ژماره‌یه‌كیشیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كۆچیان كردووه.
ئایا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كان بكشێته‌وه، خه‌ڵكه‌كه پارێزراو ده‌بن؟
به كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كاندا، ئه‌و ناوچانه جارێكى تر ده‌بنه‌وه به گۆمى خوێن و شه‌ڕ و ناكۆكى گه‌وره سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. ئێسته ته‌نیا 10%ی خاكى ناوچه كوردستانییه‌كان ماوه بكه‌وێته ژێر ده‌ستى پێشمه‌رگه، به‌شى زۆرى ئه‌و ناوچانه له‌ژێر ده‌ستى داعشن، وه‌ك سنوورى حه‌ویجه و شنگال و به‌شێكى تریش ده‌كه‌وێته ژێر كونترۆڵى هێزه‌كانى عێراق. ئه‌و ناوچانه‌ى كه پێشمه‌رگه‌ى تێدایه جارێكى تر ورده ورده ژیانى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. پێویسته هه‌رچى زووه رێككه‌وتنى سیاسى بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كان بكرێت، چونكه ئێسته زۆر وڵاتى دنیا ئاماده‌یى خۆیان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه نیشان داوه، به‌ڵام به‌هۆى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ناتوانن به‌و ناوچانه بگه‌ن.
وشه/ نه‌وزاد هلۆرى