لە كەركووك شەڕ لەنێوان داعش و حەشدی شەعبی ڕووی دا

:: AM:11:00:25/05/2018 ‌
لە سنووری كەركووك ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
 
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری شارەدێی "ریاز"ی پارێزگای كەركووك و لە ئەنجامی هێرشەكەدا شەش چەكداری داعش و دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەشت چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر چەكدرانی حەشدی شەعبی و دوو سەعات شەڕ بەردەوام بووە. هاوكات شەش چەكداری داعش كوژراون و دوو كەسیشیان گیراون، لەگەڵ ئەوەیشدا دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و شەش كەسی تریش برینداربوون.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە بە هاوكاری چەند كەسێكی ناو یەكێتی ئەنجامدرا، دەسەڵاتی سەربازی بەغدا بۆ سنووری كەركووك گەڕێنرایەوە و لەوكاتەیشەوە تا ئێستە دۆخی تەناهیی شارەكە سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە.

چەكدارانی داعش لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو چەند هێرشێكیان لەو سنوورە ئەنجام داوە و لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم