كلیكی ساختەكارییەكانی یەكێتی كاندیدەكانی كۆسرەت رەسووڵی نەگرتەوە

:: PM:01:55:25/05/2018 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستە لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەوە تۆمەتبار كراوە كە ساختەكارییەكی گەورە و رێكخراوی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە ناوخۆی خۆیدا باس لەوە دەكرێت كە ساختەكارییەكە تەنیا بۆ ئەو كاندیدانە كراوە كە بنەماڵەی تاڵەبانی دایانناون.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی لە ڕێی بەرنامەسازیی ئامێرەكانی دەنگدانەوە وەك ئەوەی لایەنە سیاسییەكان باسی دەكەن، توانی ژمارەیەكی زیاتر لە قەبارەی خۆی و پێشبینییەكان كورسی بەدەست بێنێت، لەناو ئەو كاندیدانەیش كە دەرچوون هیچ كامێكیان لەسەر بڕیاری كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی ساختەكارییەكە شانسی پێنەداون و تەواوی ئەو كاندیدانەی دەرچوون سەر بە باڵی ماڵی جەلال تاڵەبانین.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو یەكێتی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بنەماڵەی تاڵەبانی بەشێوەیەكی ڕێكخراو لەكاتی ساختەكارییەكاندا ئەو كاندیدانەیان دەرچواند كە سەربە خۆیانن و ڕێیان نەدا هیچ كاندیدێكی تر كە لە باڵی كۆسرەت رەسووڵ بێت، بگات بە پەرلەمان.

سەرچاوەكە گوتی، ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێ‌ دەست بگرن بەسەر تەواوی یەكێتیدا و فراكسیۆنەكانی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان، بۆیە ساختەكارییان بۆ كاندیدەكانی خۆیان كردووە.

قسەی ئەو سەرچاوەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك كاندیدی تری یەكێتی لە یاداشتێكدا دووپاتیان لەسەر ئەوە كردبووەوە كە دەنگی ئەوان دزراوە و ئەو دەنگەی گەڕاوەتەوە هی ئەوان نییە. لەناو كاندیدە ناڕازییەكاندا هیچ كامیان سەربە بنەماڵەی تاڵەبانی نەبوون. بەبڕوای چاودێرانیش ئەوە گومانی ئەوە ناهێڵێت كە لە ڕێی ساختەكارییەوە كاندیدەكانی باڵی دەستڕۆیشتوو سەرخران.

بەهۆی ئەو كارەی ماڵی تاڵەبانییەوە كێشەكانی نێوان یەكێتی لە نێوان باڵی كۆسرەت رەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم زیاتر بوو، بەتایبەت كە لە هەولێریش ڕێ نەدراوە هیچ كاندیدێكی سەربە كۆسرەت رەسووڵ دەربچن، تەنیا "كوردە هاشم جیهاز" نەبێت كە بەكۆتا خراوەتە شوێنی ئارێز عەبدوڵا.

پێشتر "وشە" لەكاتی دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ وەك بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێر، ئەوەی بڵاو كردەوە كە ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێ‌ بە دانانی كوڕەكەی كۆسرەت رەسووڵ، شكستی هەڵبژاردن بخنە ئەستۆی ئەوان، بۆیە دوابەدوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن چەند میدیایەكی نزیك لە ماڵی تاڵەبانی، كەمكردنی دەنگەكانی یەكێتییان خستە ئەستۆی مەڵبەندی سێی هەولێر و ئەوەیش ناڕەزایی كادرانی یەكێتی لە هەولێر لێ‌ كەوتووەتەوە.

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای گەیاند، زۆربەی كاندیدەكان لەلایەن بەرپرسی مەڵبەندەكانەوە دانراون، تەنیا لە هەولێر لە نێوان چەند كەسێك هەڵبژاردن كراوە بۆ ئەوەی سەرۆكی لیستەكە دیاری بكرێت.

نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ناڕەزایییەی گوایە لەسەر كاندیدەكان هەیە، تەنیا قسەی ڕاگەیاندنەكانە و كاندیدەكان سەر بەهیچ كەسێك نین، بەڵكو كاندیدی یەكێتین و ئەوەیشی دەرچووە بە دەنگی خۆی دەرچووە.

سورچی زیاتر گوتی، "بەرپرسی مەڵبەندەكان لیستی كاندیدەكانیان دیاری كردووە كاك كۆسرەت ڕەنگە پێوەندی بەو كارەوە نەبووبێت". ئەوەیشی خستە ڕوو "لە هەولێر لەسەر دانانی سەرۆكی لیست كێشە هەبوو، دواتر لە ڕێی هەڵبژاردنەوە لە نێوان حاجی مەسیفی و ئارێز عەبدوڵا و هەرێم كەمال ئاغا، یەكێكیان یەكلا كرایەوە".

هەندێك لە كادرانی یەكێتی سەر بەباڵی كۆسرەت رەسووڵ لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی سەرباری ئەوەی نیگەرانی خۆیان بە دەرنەچوونی كاندیدەكان دەردەبڕن، باس لەوەیش دەكەن كە كەمكردنی دەنگەكان لە هەولێر، پێوەندی بە بەرپرسی مەڵبەندەوە نییە، چونكە ئەو ماوەی چەند مانگێكە دانراوە و لەو ماوەیەشدا تەنیا فریای ئەوە كەوتووە كارەكانی مەڵبەندی پێشوو كە رزگار عەلی سەربە باڵی بنەماڵە بووە، رێك بكاتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم