سەحەر زیبایی ئەلبوومێكی نوێ بڵاو دەكاتەوە
خاتوونە گۆرانیبێژی كورد سەحەر جەلیل كە بە "سەحەر زیبایی" ناسراوە و لە ساڵی 1992 لە كرماشان لە دایك بووە. تا ئێستە 10 جار سەردانی باشووری كوردستانی كردووە، هەرچەندە زمانی كوردی زمانی ڕەسەنی خۆیەتی، بەڵام زۆر باش ناتوانێت قسەی پێ بكات. ئەمساڵ لەگەڵ گۆرانیبێژ و موزیكژەنی ناسراو "موسلیم عەلی پوور" گۆرانییەكی فۆلكلۆری بەناوی "بەهارە" زیندوو كردەوە. هاوكات كار لەسەر بڵاوكردنەوی یەكەم ئەلبوومی گۆرانی دەكەن. لەم دیمانەیەی "وشە"دا وەڵامی چەندان پرسیار دەداتەوە.
سەرەتای ژیانی هونەریت چۆن دەستی پێ كرد؟
لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووم، هەر لەو كاتەوە گوێم لە گۆرانیبێژە ڕەسەن و كۆنەكان دەگرت، هەرچەندە زمانی كوردی باش نازانم، بەڵام گوێگرتنم بۆ گۆرانییە ڕەسەنەكانی كوردی هەبوو، بۆیە هەر ئەوكاتە زانیم بەهرەی هونەریم تێدایە، ئیتر بەشداری كاری موزیك و گوتنەوەی گۆرانیم لەگەڵ چەندان گرووپ دەست پێ كرد.
لە خوێندندا چ قۆناغێكت بڕیوە؟
لە خوێندندا ئەندازیاری بیناسازیم تەواو كردووە، هەروەها لە بواری ئاواز و موزیك لەلایەن چەند مامۆستایەكی بەناوبانگی وەك "ڕامین تفزیلی – موجتەبا بەهرامی" لە شاری كرماشان "مجتبی عەسكری و محەمەد موعتەمەدی" لە تاران خوێندووە.
ئایا گۆرانی "بەهارە" یەكەم بەرهەمت بووە؟
بێگومان نەخێر، چونكە پێشتریش چەند بەرهەمێكی تری هونەریم بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند موسلیم عەلی پوور هەبووە، بەڵام گۆرانیی "بەهارە" تاكە بەرهەمە بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاومان كردووەتەوە، هەروەها جگە لە بەرهەمی هونەری، تا ئێستە من و هونەرمەند موسلیم عەلی پوور كۆنسێرتێكی هونەریمان لە گورجستان لە ساڵی 2016 بەیەكەوە ئەنجام داوە، هاوكات لە ساڵی 2016 كۆنسێرتێكی تری هونەریمان هەر بەیەكەوە لە هەولێر ساز كردووە، جگە لەمانەش كۆنسێرتێكی هونەری گەورەمان لە ساڵی 2018 لە شاری سلیمانی كردووە و لە ئایندەشدا هەر بەیەكەوە كارەكان ئەنجام دەدەین.
بیرۆكەی ئەم گۆرانییە چۆن سەری هەڵدا و لە ڕووی ستایلەوە چ جیاوازییەكتان بۆی كردووە؟
سەرەتا ئەو بیرۆكەیە لەلایەن ماهووری زەمانە پوور و موسلیم عەلی پوور دروست بوو و ئەوان پێشنیاری ئەوەیان كرد كە گۆرانییەكە بۆ جەژنی نەورۆز ئامادە بكەین، ئەوەبوو هەر ئەو گۆرانییە "بەهارە"مان هەڵبژارد. پێشتر گۆرانییەكە لەلایەن كۆمەڵێك هونەرمەندی بەناوبانگی كوردی بەشێوەی جیاواز گوتراوەتەوە، دیارترینیان "حەسەن زیرەك و ناسری ڕەزازی"ن، ئێمەش وامان پێ باش بوو لەسەر هەمان ئاوازی ڕەسەنی خۆی، بەڵام بە ستایلێكی جیاوازتر و بەهەردووی زمانی كوردی و لوڕی بیڵێینەوە.
گۆرانییەكە لە چ شوێنێكی كوردستان كلیپی بۆ كراوە؟
گۆرانییەكە لە دوو شوێنی جوان و دڵڕفێنی كوردستان وەك دووكان و یاخسەمەر كلیپی بۆ كراوە، لەبەرئەوەی ئەم دوو ناوچەیە دیمەنێكی دڵڕفێن و بەهارێكی زۆر جوانیان هەیە، هەروەها ئەم دوو شوێنە دیمەنەكەیان زۆر گونجاو بوو بۆ گۆرانییەكەمان، بۆیە ئەم دوو شوێنەمان هەڵبژارد.
موسلیم عەلی پوور خەڵكی كوێیە و بۆچی بە زمانی لوڕی دوێتەكەی لەگەڵتدا ئەنجام داوە؟
موسلیم عەلی پوور خەڵكی لوڕستانە و زمانی كوردی زۆر باش تێدەگات، بەڵام ناتوانێت قسەی پێ بكات، هەروەها كوڕی مامۆستا فەرەج عەلی پوورە كە گۆرانیبێژ و موزیكژەن و ئاوازدانەری ناسراوی لوڕستانە. مەبەستی موسلیم لە گوتنەوەی ئەم گۆرانییە بەشێوەی دوێت لەگەڵ مندا، تەنیا لەبەرئەوەی موزیك و كولتووری ڕەسەنی كوردی و لوڕی زۆر لەیەكەوە نزیكن و زۆر سەرسامیشە بە موزیك و هونەری كوردی.
ئایا پێشتریش لەگەڵ گرووپی تر كارتان كردووە؟
بەر لە بڵاوكردنەوەی گۆرانی "بەهارە" بەدڵنیاییەوە پێشتریش زۆربەی كارەكانم بەشێوەی گرووپ بووە، وەك گوتنەوەی گۆرانی لەگەڵ گرووپی (ئاوای عەندەلیب) بەسەرپەرشتی موزیكزان "شاهۆ عەندەلیبی" لە شاری تاران، هەروەها پێشكەشكردنی موزیك لە جەژنی فەرهەنگی (ئێران – عێراق) لە ساڵی 2016دا، جگە لەوەش گۆرانیمان لەگەڵ گرووپی (مەكنون و ئەجوای ڤیوژەن) لە تاران و بە هاوكاری لەگەڵ گرووپی ژنان گوتووە، لە داهاتووشدا بڕیارم داوە هەر بەشێوەی گرووپ كاری هونەری بكەم و بە نیازیشم لە ئایندەیەكی نزیكدا لەگەڵ هونەرمەند موسلیم عەلی پوور ئەلبوومێكی تازە بڵاو بكەینەوە كە چەند گۆرانییەك لەخۆ دەگرێت.
وشە/هەولێر- محەمەد جەمال
وشە -
تایبهت