ئێزیدییەكانی دهۆك داوا دەكەن لە پەرلەمانی كوردستان رۆڵیان پێ بدرێ

:: PM:08:25:25/05/2018 ‌
كەسایەتییەكانی كوردی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆك، نیگەرانن لەوەی لە كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێبەش بوون و بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتووی كوردستانیش لە دڵەڕاوكەدان و دەڵێن، "دوور نییە لە پەرلەمانی كوردستانیش بێبەش بین".

كوردانی ئێزیدی لە چوار ساڵی رابردوودا زۆرترین زیانیان بەركەوت لە كێشە و شەڕەكانی عێراقدا و داعش جینۆساید و ئەتكی كردن، بەڵام هیوایەكیان بە هەڵبژاردن بوو كاریگەر دەربكەونەوە، لەویشدا شكستیان هێنا. سەرۆك بارزانی لە رۆژانی رابردوو لە پەیامێكدا رای گەیاند، "دەنگی ئێزیدییەكان ئەنفال كراوە" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ستەمەی لە هەڵبژاردن بەرانبەریان هاتە ئەنجامدان.

كوردانی ئێزیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرجەم شار و شارۆكەكانیانەوە ٦٠ كاندیدیان هەبوو لە لیستی حزبەكاندا، بەڵام تەنیا سێ كاندید گەیشتنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  كە بریتین لە: خالید خەلیل لەسەر لیستی پارتی، حوسێن حەسەن نەرمۆ لەسەر لیستی یەكێتی و سائیب خدر وەك كاندیدی سەربەخۆ لە لیستی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی و تێكڕا لە بازنەی مووسڵ سەركەوتن.

بەڵام لە پارێزگای دهۆكیش ئێزیدییەكان تەنیا دوو كاندیدیان هەبوو، یەكێك كچ بوو بە ناوی رووناك عەلی ئێزیدین لە پارتی بوو و ناسر كریت ناسر لە یەكێتی، بەڵام هیچیان نەگەیشتن بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

رووناك عەلی ئێزیدین ئەو كاندیدە بوو كە زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگی هێنا، بەڵام نەگەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمەش كاردانەوە لە دوای خۆی هێنا لەناو شەقامی ئێزیدیدا و پێیان وایە "وا بڕوات ئێزیدییەكانی دهۆك لە پەرلەمانی كوردستانیش بێبەش دەبن". بۆیە داوای كۆتا دەكەن لە پەرلەمانی كوردستان.

نایف ڕەشۆ ئێسیانی رۆشنبیر و گرنگیدەر بە كاروباری ئێزیدی، بە''وشە''ی راگەیاند، "ئێمە بێبەش بووین لە پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەی جاران زیاتر لە شەش كورسیمان مسۆگەر دەكرد، بەڵام ئێستە تەنیا یەك كورسیمان هەیە، بۆیە دەمانەوێت ئەم ستەمە بەردەوام نەبێت و هەر چۆنێك بێ هەموو لیستە كوردییەكان كار بۆ ئەوە بكەن كورسیی كۆتا هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئێزیدی جێگیر بكرێ، چونكە رێژەی ئێزیدی لە هەرێمی كوردستان زۆرن، بەڵام رێژەی دەنگەكانیان بەشی كورسییەك ناكات، بەڵام  تایبەتمەندی ئێزیدی ئەوە دەهێنێ لایەن كوردییەكان بایەخ بەم داوایەمان بدەن".

پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك هاتووە كە 11ی بەشێوەی كۆتا پێنج بۆ مەسیحی و پێنج بۆ توركمان و كورسییەكیش بۆ ئەرمەن جێگیر كراون.

رەشۆ ئاماژە بەوەیش دەكات كە ئەگەر ئێزیدیی لە پەرلەمانی كوردستانیش بێبەش بكرێن لە بەشداری كارا، ئەوا بێ ئۆمێد دەبن. چونكە بەگوتەی ئەو "ئێستە غیابی ئێزیدی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراقیشدا زیان بە كەیسی ئێزیدی دەگەیەنێت و دەبێت ئەم تایبەتمەندییە لەبەرچاو بگیرێت''.

لە بەرانبەردا كۆڤان كەمۆ چالاكی سیاسی ئێزیدی، بۆ ''وشە'' ئەوە دەخاتە ڕوو كە بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان لە كوردستان بێبەش نەبن لە پەرلەمان، دەبێت هەموو لایەن كوردییەكان بۆ تایبەتمەندی ئێزیدی كورسیی كۆتا بە رەوا بزانن و هەرچۆنێك بێت ئەو پێكهاتە ئاینییە گرنگە لە پەرلەمانی كوردستان كاریگەر دەربكەوێت.

كەمۆ دووپاتی دەكاتەوە كە "هەبوونی ئێزیدیی لە پەرلەمانی كوردستان لەبەرچاو نەگیرێ، ئێزیدییەكان لە كوردستان بێ ئۆمێد دەبن، چونكە ئێستە لە هەموو ڕوویەكەوە لە پلە و پۆستدا پشتگوێ خراون و پێویستە گرنگییان پێ بدرێت لە پەرلەمان و پۆستەكانی كارگێڕی و سەروەریشدا".

لە وەزارەتی ئەوقافی كوردستان بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیی بۆ كاروباری ئێزیدی هەیە و كەسێكی خۆیان پۆستەكە بەڕێوە دەبات، هاوكات لە پەرلەمانی كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئێزیدییەك پەرلەمانتارە.

ئێزیدی لە كوردستان و عێراق هەرچەندە سەرژمێری نوێ نییە، بەڵام بەگوتەی خۆیان زیاتر لە ٥٠٠ هەزار كەسن و زۆرینەی ئەو ژمارەیە تا رێژەی ٩٠% دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە بەشدار نابن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا. بەڵام ئەو 10%ـەی ماوەتەوە نیشتەجێی پارێزگای دهۆكن.

ئێزیدییەكان پێشتر داوایان لە حكوومەتی عێراق كردبوو كورسیی كۆتا هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر دابین بكرێت بۆیان و دادگای فیدراڵی عێراقیش پێنج كورسیی بۆ پێشنیار كردن، پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژەیەی رەت كردەوە، بەوەیش ئێزیدییەكان تەواو نیگەران بوون.

وشە/ دهۆك- كاروان باعەدرێ


وشە - تایبه‌ت