ڕۆژنامەیەكی لەندەنی: پارتی و یەكێتی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو یەكلا دەكەنەوە

:: AM:10:18:26/05/2018 ‌

ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ئاشكرای كرد، بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی، بەرەی سەدر و عەبادی دەتوانن 150 كورسی كۆ بكەنەوە، بەرەی مالیكی و عامریش 140 كورسی، لیستی پارتی و یەكێتی بۆ هەردوولا یەكلاكەرەوە دەبن، تا ئێستەیش ئەوان بڕیاری یەكلاكەرەوەیان نەداوە، لە كاتێكدا زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ئەوان دەچنە ڕیزی هاوپەیمانییەكەی مالیكی و عامرییەوە.

ڕۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كرد، دانوستاندنەكانی نێوان سەدر و عەبادی و عەماڕ حەكیم لە كۆتا نزیك بوونەتەوە و تەنیا ماوەتەوە ناوێك بۆ هاوپەیمانییەكەیان بدۆزنەوە و لەسەری ڕێك بكەون، هاوپەیمانییەكەیان فراكسیۆنی سوننی و كوردیشی تێدا دەبێ و كۆی كورسییەكانیان دەگاتە 150 كورسی، بەگوێرەی دەستووری عێراقیش پێویستە 165 كورسی كۆ بكەنەوە تا ببنە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی.

كۆی كورسییەكانی سەدر و عەبادی و حەكیم دەگاتە 116 كورسی، بە كورسییەكانی هاوپەیمانی قەرار بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆكایەتی عەلاوی، ژمارەی كورسییەكانی دەگاتە 150 كورسی.

لەلایەكی ترەوە زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، هەریەك لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و پارتی و یەكێتی هاوپەیمانی بەیەكەوە دەبەستن و كۆی كورسییەكانی سەرجەمیان دەگاتە 140 كورسی، سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، تا ئێستە پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامری نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتا، ئێستە هەردوو بەرەی شیعە چاوەڕوانی كوردن و لیستی پارتی و یەكێتی بوونەتە كارتی یەكلاكەرەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د