ژنێكی له هه‌رێمی كوردستان ژیانی له مه‌ترسیدایه و له‌لایه‌ن باوكی و هاوسه‌ریه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌سه‌ره. ئه‌و ئێسته له شوێنێك خۆی حه‌شار داوه، به‌ڵام دڵنیا نییه له‌وه‌ی پارێزراویی له‌وێ تا كه‌ی ده‌خایه‌نێت. چونكه ناپاكی هاوسه‌ریی لێ ئاشكرا بووه. به‌گوته‌ی خۆی "چه‌ند جارێك له كوشتن ڕزگار كراوه"، بۆیه داوا ده‌كات ده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژ بكرێت و رزگار بكرێت به یه‌كجاری له‌به‌ر ژیانی منداڵه‌كانی و ژیانی گره‌نتی بكرێت.
"ره‌یحان" ناوی خوازراوی ئه‌و ژنه‌یه كه ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵه به‌رده‌وام ژیانی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتندایه، ناونیشان و ورده‌كاریی كه‌یسه‌كه‌ی لای ده‌زگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی "وشه" پارێزراوه و هه‌ر لایه‌نێكی فه‌رمی بیه‌وێت یارمه‌تی رزگاركردنی بدات ئاسانكاری بۆ ده‌كرێ. ره‌یحان دواهیوای ئه‌وه‌یه "فریادڕه‌سێك له‌و كوله‌مه‌رگییه ڕزگاری بكات كه هه‌موو چركه‌كانی به چاوه‌ڕوانی كوشتنه‌وه به‌ڕێوه ده‌بات".
ره‌یحان له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیدا ژن به ژنی پێ كراوه بۆ براكه‌ی، وه‌ك خۆی بۆ "وشه" باسی ده‌كات، هیچكات هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌ویستووه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه له قسه‌ی باوكی ده‌ربچێت، بۆیه ١٤ ساڵ ژیانی به ده‌مكوتكراوی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ر بردووه و بووه‌ته دایكی دوو منداڵ.
به‌ڵام ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له سێ ساڵی كۆتای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا كه تا ئێسته‌ش كۆتای پێ نه‌هاتووه، دوای ئه‌وه‌ی بێ هیوا ده‌بێت له‌وه‌ی له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ببێته‌وه، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی هاوسه‌ری دروست ده‌كات و دواتر ئه‌و خۆشه‌ویستییه ده‌بێته گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ژیانی .
ڕێحان ئه‌وه‌یش ناشارێته‌وه كه هه‌میشه ویستوویه‌تی له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ببێته‌وه، چونكه دووپاتی ده‌كاته‌وه "نه‌ك خۆشی نه‌ویستووه، ته‌نانه‌ت ڕقیشی لێی بووه و هاوسه‌ریشی به‌وه‌ی زانیوه، به‌ڵام پێی گوتووه چێژ له‌وه ده‌بینم ژنێك به‌و جۆره ده‌چه‌وسێنمه‌وه".
ره‌یحان باس له خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێ، تا ئاستی مه‌ستبوون ئاشقی "كاروان"ی هاوڕێی هاوسه‌ره‌كه‌م بووم، ئه‌وه‌ش ده‌زانم پێوه‌ندییه‌كه‌مان نادروست بوو، به‌ڵام ساڵانێكی زۆر له ژیانێكی بێ مانا و خاڵی له سۆز ده‌ژیام و ده‌بوو ده‌رگه‌یه‌كی ئارامی له خۆم بكه‌مه‌وه.
ڕه‌یحان زیاتر له دوو ساڵ پێوه‌ندی له‌گه‌ل كاروان ده‌بێت، /كاروان ناوی خوازراوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ڕێحانه/ به‌ڵام له‌لایه‌ن یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه پێوه‌ندییه‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كرێت و شه‌ڕی چه‌كداری ده‌كه‌وێته نێوانیان و چه‌ند كه‌سێك بریندار ده‌بن و ده‌گیرێن، هه‌ر ئه‌وكاتیش ڕه‌یحان ماڵ جێ دێڵێت. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی تا ئێسته نه داوای له دادگا له دژ تۆمار كردووه و نه لێی جیا بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بیباته‌وه لای خۆی و هه‌واڵی ناردووه كه لێی خۆش بووه و داوا ده‌كات بچێته‌وه لای .
به‌ڵام ڕه‌یحان ده‌ڵێ "باوكم و هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌ردووكیان بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن تا بمكوژن، بۆیه داوا ده‌كات بگه‌ڕێمه‌وه ماڵ و ده‌ڵێ ده‌تبوورم، ئه‌وه داونانه‌وه‌یه بۆ كوشتنم، چونكه زۆریان پێ كردووم و ده‌زانم چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه و پلانه‌كانیان چین، چونكه چه‌ند جاری تر هه‌وڵی كوشتنم دراوه و ئه‌وان له‌وه خۆش نابن كه پێیان وایه شه‌ره‌فیان شكاوه و چاوه‌ڕێن به كوشتنی من شه‌ره‌فیان بگه‌ڕێته‌وه".
ره‌یحان كه ئێسته له شوێنێكی پارێزراوه و خۆی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه چیتر ته‌حه‌مولی نه‌ماوه و هه‌ست ده‌كات به تێپه‌ڕبوونی كات له‌و شوێنه‌یشی لێی ماوه‌ته‌وه مه‌ترسی بۆ دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه به‌هۆی رووداوه‌كانی ژیانی باری ده‌روونی ناجێگیره و ترسی له‌وه هه‌یه بێ ویستی خۆی شتێك به‌سه‌ر خۆی بهێنێت.
"ئه‌وه‌ی ئێسته تێیدا ده‌ژیم خۆم به‌سه‌ر خۆم هێناوه، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵی باوكم و هاوسه‌رم، چونكه ئه‌وان ژیانیان لێم تێك نه‌دایه، ناچار نه‌ده‌بووم په‌نا بۆ پیاوی تر ببه‌م". ره‌یحان وای گوت.
داواكاری ئه‌و ژنه ئێسته كه هاوكات دوا هیوای ژیانیشیه‌تی، بۆ هه‌موو رێكخراوێكی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ر لایه‌نێكه سه‌لامه‌تی گره‌نتی بكه‌ن و له‌و دۆخه لێڵه ده‌ربازی بكه‌ن و مه‌ترسیی كوشتنی له‌سه‌ر نه‌مێنێ. بۆیه به هه‌ناسه‌سواری ده‌ڵێ، "هه‌موو كه‌سێك هه‌ڵه ده‌كات، به‌ڵام هه‌ڵه به هه‌ڵه چاره‌سه‌ر نابێت، بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك باجێك یان زیاتر هه‌یه، به‌ڵام ناكرێ باجه‌كه كوشتن بێت، چونكه باكم به ژیانی خۆیشم نه‌مێنێ دوو منداڵه‌كه‌م پێویستیان پێمه، بۆیه تكایه رێكخراو و وڵاتانی بیانی و كوردی به په‌له ژیانم رزگار بكه‌ن".
وشه/ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان