دوێنێ تەواوی تابلۆ و تەلەڤزیۆن و پێگە ئەلكترۆنییەكانی فڕۆكەخانەی مەشهەد لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران هاك كران و وێنەی خۆپێشاندانەكانی ئێران و چەندان دروشم خرانەڕوو.
لە مەشهەد لە كاتێكدا خەڵك چاوەڕوانی ئەوە دەكەن سواری فڕۆكە ببن یان چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی ئازیزانیان لە گەشتەكاندا دەكرد، لە ناكاودا ئەو شاشانەی زانیاری كاتی فڕینی فڕۆكەكان و رێنوێنییەكانی بڵاو دەكردەوە گۆڕان بۆ وێنەیەك كە بووبووە سیمبۆلی خۆپێشاندانەكانی سەرەتای ئەمساڵی ئێران.
بەگوێرەی ڕادیۆ "
زەمانە" دواتر لە نووسراوەیەكدا هەر لەسەر شاشە و پێگە ئەلیكترۆنییەكەی فڕۆكەخانە نووسرا "ئێمە گرووپی تەپەندێگان" دەستمان بەسەر سەرجەم سیستەمی كۆمپیوتەریی فڕۆكەخانەدا گرتووە، پێنج مانگ لە خۆپێشاندانەكان تێپەڕی، بەڵام هێشتا سوپای پاسداران خەریكی بەهەدەردانی گیان و سامانی ئێرانە لە غەزە و لبنان و سووریا."
لە بەشێکی تری دروشمەکان هانی خەڵک دراوە خۆیان بۆ خۆپێشاندانێکی گەورە ئامادە بکەن و چیتر ناتوانن چاوەڕوانی ئەوە بکەن چارەنووسیان بە نادیاری بمێنێتەوە.
پێویستە بگوترێت خۆپێشاندانەكانی سەرەتای ئەمساڵی ئێران كە زیاتر لە 100 شاری گرتەوە یەكێك لە گەورەترین خۆپێشاندانەكانی ئێران بوو كە دروشمەكانی تەواو جیاواز بوون و خەڵك بە یەكدەنگ داوای رووخانی رژێمی ئێرانیان كرد. لەو خۆپێشاندانە بە دەیان كەس كوژران و بە سەدان كەسیش بریندار بوون.