میوەی نەگەیییوو بخۆیت.. چیت بەسەر دێ؟

:: PM:01:56:26/05/2018 ‌
بیرۆكەیەكی باشە ئەگەر رۆژانە بەردەوام میوەی تازە بخۆیت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دڵنیا بیت لە پێگەیشتنی میوەكان، چونكە توێژینەوە پزیشكییەكان و پسپۆران دووپات لەوە دەكەنەوە خواردنی میوەی نەگەییو زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و كاریگەری خراپ لە دوای خۆی جێ دەهێڵێت.

یەكەم: هەستیاری ددان، خواردن و جوینی میوەی پێنەگەشتوو رووكەشی ددانەكان تووشی داخوران دەكات لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەستیاری ددان و زیان بە پووك دەگەیەنێت، هەروەها میوە پێنەگەیشتووەكان بڕێكی زۆر ترشیان تێدایە كە بەئاسانی كار لە رووكەشی ددان دەكەن و دەبنە هۆی نەرمكردنەوەیان.

دووەم: ئازاری سك، میوە پێنەگەیشتووەكان ئەستوورن و بڕێكی كەم ڕیشاڵیان تێدایە، گەدە هیلاك دەكەن لەكاتی  هەرسكردنیاندا لەئەنجامدا ئازاری سك دروست دەبێت، بەهۆی هیلاك بوونی كۆئەندامی هەرسەوە.

سێیەم: دروستبوونی غازاتی سك، خواردنی میوە نەگەیشتووەكان بەهۆی باش هەرسنەكردنیانەوە كار لە ریخۆڵەكان دەكەن و دەبنە هۆی دروستبوونی غازاتی سك و لە ئەنجامدا ریخۆڵەكان تووشی برین و گیران دەبن بەم میوانە .

چوارەم: هێڵنج دان، ئەگەر گەدەت زۆر ناسك بێت، ئەوە تووشی هیڵنجدان دەبیت، بەهۆی زیاد كاركردنی گەدەوە وا دەكات ڕشانەوە دروست ببێت، بۆ ئەوەی گەدەت لەو میوە نەگەییووە ڕزگاری ببێت.

پێنجەم: سكچوون یان قەبزی، بەكارهێنانی میوەی نەگەیوو لەوانەیە تووشی حاڵەتی خراپی سكچوونت بكات، شارەزایان دەڵێن، لەم حاڵەتەدا سیستمی هەرسی هەوڵ دەدات لەو خۆراكە ڕزگاری ببێت، چونكە ناتوانێت بەشێوەیەكی گونجاو هەرسی بكات لەئەنجامدا دەبێـتە هۆی سكچوونێكی تووند.

شەشەم: ژەهراوی بوونی سووك، هەندێك میوەی نەگەیوو وەكو تەماتە و ئەنەناس، ژەهراوی بوونی سووك دروست دەكەن،بۆیە پێویستە لەم دوو میوەیە بە دوور بیت، ئەگەر هاتوو بە تەواوی پێنەگەیی بوون.


وشە - ئاوات ئازاد