سه‌در له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران نزیك ده‌بێته‌وه‌


له‌دوای هه‌وڵه‌كانی موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در بۆ دوورخستنه‌وه‌ و ڕێگریكردن له‌ ده‌ستوه‌ردانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، سه‌در نامه‌ی ئاشتییان بۆ ده‌نێرێت و ده‌ڵێت ئامانجم وه‌ستانه‌وه‌ دژی ئێوه‌ نییه‌.

ڕاپۆرتێك له‌ پێگه‌ی al-monitor بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا نووسراوه‌، سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانی سائیروون له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق  كه‌ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌رایه‌تی ده‌كات بووه‌ جێی سه‌رنج و پرسیار له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌ و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق پێوه‌ندی نیوان به‌غدا و تاران و واشنتن چی به‌سه‌ر دێت، له‌ كاتێكدا هه‌ردوو وڵات كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ هه‌یه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌مه‌ریكا و ئێران چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌ردووكیان ترسی ئه‌وه‌یان له‌ دڵه‌ له‌دوای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌در كاریگه‌رییان له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ سیاسه‌تی عێراق نه‌مێنێت.  

به‌رپرسێكی ئۆفیسی سه‌در ڕای گه‌یاند، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییان به‌ موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ كردووه‌ و له‌ جووڵه‌ و چالاكییه‌ سیاسییه‌كانی سه‌دریان پرسیوه‌ به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی واشنتن ،دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. 

ئه‌م به‌رپرسه‌ زیاتر گوتی، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پێوه‌ندییه‌كه‌ پریسیویانه‌ كه‌ ئایا پێگه‌ و هێز و كاری سه‌در چی ده‌بێت كاتێك حوكمی عێراق ده‌كات، ئایا دووباره‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای مه‌هدی ده‌كه‌ن یان نا، هه‌روه‌ها پرسیویانه‌ كه‌ ئایا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق. 

له‌ وه‌ڵامدا گوتی، له‌باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای مه‌هدی هیچ بڕیارێك له‌ ئارادا نییه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2008 له‌ عێراق ده‌رچوون و سه‌در هیچ ئامانجێكی نییه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان و ته‌نیا هێزی ئاسایش و هێزی سه‌ربازی فه‌رمی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بن.

ئه‌مه‌یش گه‌یاندنی په‌یامێكی ئاشتییه‌ له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌در ئه‌و كه‌سه‌ نابێت كه‌ حزبێكی سیاسی به‌ڕێوه‌ ده‌برد به‌ر له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌ڵكوو له‌ كاتی هاتنی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی له‌ناوبردنی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ده‌دات له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.

هاوكات له‌ ساڵانی پێشوودا موقته‌دا سه‌در یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌گرت و دژی سیاسه‌ته‌كانی له‌ عێراق ده‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز دژی ده‌رچوونی واشنتن نه‌بووه‌ له‌ عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كاتێك بیری له‌ دروستكردنی سوپایه‌ك نه‌كردووه‌ته‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، سه‌در هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ هیچ هێز و لایه‌نێك نه‌بووه‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌ناو سیسته‌می سیاسیی عێراق كار ده‌كات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو هێز و ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له‌ حكوومه‌تی به‌غدا كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاره‌كانیدا بكه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا هه‌بێت. 

له‌ به‌شێكی تر باس له‌ ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كات به‌ حه‌وت هه‌زار سه‌رباز ده‌یخه‌مڵێنێت كه‌ زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كانی باكور و باشووری دامه‌زراون، به‌ڵام پنتاگۆن ڕای گه‌یاند به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دوو هه‌زار و 500 سه‌ربازن، هاوكات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌كان نه‌ماون، به‌ڵام هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌رنه‌چوونه‌، ئه‌مه‌یش هێمایه‌كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی سه‌ربازان له‌ عێراق بۆ چه‌ند ساڵێكی تریش، هه‌روه‌ها حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانێكیدا له‌ مانگی شوباتی ڕابردوو ڕای گه‌یاند كه‌ حكوومه‌تی به‌غدا داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كات و پێویستی به‌ یارمه‌تییه‌ ئاسمانییه‌كانیانه‌، هاوكات موقته‌دا سه‌در هیچ لێدوانێكی له‌ دژی ئه‌و قسانه‌ی عه‌بادی نه‌دا. 

سه‌در وه‌ك لایه‌نه‌كانی تر نییه‌ پشتگیری له‌ ئێران بكات و هێزی هه‌بێت له‌ سووریا شه‌ڕ بكه‌ن، هه‌روه‌ها دژی ده‌رچوون و شه‌ڕكردنی هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێت كه‌ پشتگیری به‌شار ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و داوای دیموكراسیی له‌ حكوومه‌تی سووریا ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا موقته‌دا سه‌در پێوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك سعوودیه‌ و ئوردن و وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌ و له‌ ساڵی پاردا سه‌ردانێكی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ شانشینی سعوودیه‌ و وڵاتانی كه‌نداو ئه‌نجام دا.

له‌ كۆتای ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، كار و قسه‌كانی سه‌در دووره‌ له‌ توندوتییژی به‌رانبه‌ر وڵاتان ته‌نیا بۆ سه‌پاندنی سه‌ربه‌خۆبوونی خۆیی و عێراقه‌ دوور له‌ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی، هاوكات ئه‌وه‌یشی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ زیانێك به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئێران به‌رانبه‌ر ئه‌م قسانه‌ی سه‌در بێده‌نگ نابێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانی له‌ عێراق ده‌بێت.


وشە - په‌یام محه‌مه‌د


PM:04:09:26/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌