هاووڵاتییەكی دێرەلووك لە ترسی بۆردمانی توركیا سیستەمی ئاوی بە ئەلیكترۆنی كرد

:: PM:04:20:26/05/2018 ‌

هاووڵاتییەك لە شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، داهێنانی كردووە بە دانانی سیستەمێكی تایبەتی كارەبایی لە رێی مۆبایل بۆ ئەو ناوچانە دروست كردووە كە كە مەترسی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیای لەسەرە‌.

 ئەو داهێنانە لەسەر پڕۆژەی ئاو دادەنرێت و سێ تەلەفۆنی پێوە دەبەسترێت و هەر كە كارەبای نیشتمانی هات، ئەوا تەلەفۆنێك بو فەرمانبەری ئاو دێت و هەر كە سیستەم لەكار كەوت، ئەوا تەلەفۆنێكی تر بۆ ئەو فەرمانبەرە دێت و لەرێی ئەو داهێنانە فەرمانبەری ئاو دەتوانێت پڕۆژەی ئاو بەگەڕ بخات بەبێ ئەوەی بچێتە شوێنی پرۆژەكە. ئێستە سیستەمەكە تەواو بووە و بە نیازە لەسەر پڕۆژەی ئاوی گوندی سەرگەلێ دابنرێت.

عوبەید مێزی وەستای چاككردنەوەی ئامێرە كارەبایی و ئەلیكترۆنییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەكە كار لەسەر دروستكردنی ئامێرێك دەكات كە ئەویش دانانی سیستەمێكی كارەبایییە لەسەر پڕۆژەیەكی ئاو بۆ ئەو ناوچانەی كە مەترسی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیای لەسەرە.

ئەو دەڵێت "سیستەمەكە لەسەر  سێ مۆبایل بەستراوە، مۆبایلی یەكەم تایبەتە بە هاتنی كارەبای نیشتمانی، هەر كە كارەبای نیشتمانی هات، ئەوا یەكسەر‌ تەلەفۆن بۆ فەرمانبەری ئاو دەكات و تەلەفۆنی دووەم كاتێك ئیش دەكات و تەلەفۆن دەكات كە‌ كارەبای نیشتمانی رۆیشت و كارەبای مۆلیدە هاتەوە. ئەگەر كارەبای نیشتمانی و كارەبای مۆلیدە هات و تەلەفۆنت بۆ نەهات، ئەوا یەكسەر تەلەفۆنی سێیەمت بۆ دێت كە ئەمەش مانای وایە كێشەیەك  هاتووەتە كایەوە و لەوانەیە شوێنەكە بۆردمان كرابێت."

پڕۆژەی ئاوی گوندی سەرگەلێ لە نزیك شارەدێی دێرەلووك پێشتر دوو جاران لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردمان كراوە.

بەگوتەی داهێنەرەكە ئەو شوێنەی ئامرازەكەی بۆ دادەنرێت، پێویستە هێڵی تەلەفۆنی هەبێت و سیستەمەكەش تەنیا پێوەندیی بە فەرمانبەری ئاو هەیە و هەركە فەرمانبەری پڕۆژەی ئاو گۆڕا و كەسێكی تر هات، ئەوا جارێكی تر دەبێت تەنیا سیستەمی تەلەفۆن بگۆڕێت . 

داهێنەرەكە دەڵی ئەو سیستەمە بە 600 هەزار دینار دروست دەكات. پێشتریش لە داهێنانێكدا كارەبای خۆی كردبووە 24 سەعاتی و رای گەیاندبوو‌ هەركەسێك بیەوێت، ئەوا دەتوانێت كارەباكەی بۆ بكات بە 24 سەعاتی و ئەمەش 800 هەزار دیناری تێدەچێت.

ئامێدی/نەوزاد هلۆری





وشە - سلێمان تاشان