ڕێگەی هەولێر سلێمانی لە دۆڵی سماقولی دەكرێتەوە

:: PM:04:56:26/05/2018 ‌
بەهۆی تێكچوونی رێگەی و چاككردنەوە و قیرتاوكردن، بۆ ماوەی هەفتەیەك رێگەی هەولێر- سلێمانی داخرا ئەفسەرێكی هاتوچۆ دەڵێت، داخستنەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك بوو و سبەی بەڕووی شوفێران دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی ئایار، نەقیب تاهیر ئەحمەد، ئەفسەری ڕێكاری هاتوچۆ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئاگەداری شوفێران و هاووڵاتییان دەكەینەوە، بەتایبەتی ئەوانەی هاتوچۆی رێگای هەولێر لە دۆڵی سماقولی بۆ سلێمانی دەكەن دوای ئەوەی لە 16ـی ئایار ڕێگەكە داخرا سبەی دەكرێتەوە.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ دەڵێت، داخستنی ڕێگاكە بەهۆی نۆژەنكردنەوە بوو و هاووڵاتییان وەك رێگای بەدیل رێگای هیران- سكتانیان بۆ سەر چیای سەفین بەكار دەهێنا.

دوای تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، تا ئێستە ڕێگەی هەولێر -كەركووك نەكراوەتەوە بەشێكی زۆری هاووڵاتییان بۆ چوونە سلێمانی ڕێگەی سماقووڵی بەكار دێنن و لە ماوەی ڕابردووش ئەو رێگایە چەندجارێك كێشەی بۆ شوفێران دروست كرد كە بەنداوی سماقووڵی لەكاتی پڕبوونی ڕێگاكەی پەك دەخست.

لەنێوان هەولێر و سلێمانی پێنج ڕێگەی هاتوچۆ هەیە كە یەكێكیان دەچێتەوە دەروازی كەركووك و ڕێگەیەكیش لە كۆییە بۆی دەچێت و ڕێگەیەكیش لە سەفین بۆ سكتان و هیزۆپە ڕێگەیی چوارەمیش ڕێگەی كورتەكە دەچێتەوە ڕانیە لەوێش بۆ سلێمانی و ڕێگەی پێنجەمیش ڕێگەی سماقوولیە.




وشە - رامیار جەواد