پارێزگاری دهۆك: كوژراوەكان تیرۆرست بوونە و هەوڵی هەڵاتنیان داوە

:: PM:06:58:26/05/2018 ‌
پارێزگای دهۆك ڕوونكردنەوە لەسەر ڕووداوەكەی چاكسازی زڕكا دەدات و ئاشكرای دەكات كە كۆمەڵێك كەسی تیرۆرست بوون هەوڵی شكاندنی زیندانەكەیان داوە.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی ئایار، فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر ڕووداوەكەی چاكسازی زڕكا گوتی، هیچ شەڕێكی نێوان كورد و عەرەب نەبووە، بەڵكو ئەوە هەوڵێك بوو بۆ شكاندی دەرگای چاكسازییەكە.

پارێزگاری دهۆك زیاتر گوتی، لەو چاكسازییە كۆمەڵێك تیرۆرست هەوڵی شكاندی زیندانەكەیان داوە و دەرگەی ژوورەكە و دەرگەی هۆڵیشیان شكاندووە و هێرشیان كردووەتە سەر پۆلیسەكە و لەو ڕووداوە حەفت زیندانی كوژراون.

ئەتروشی ئاشكرای كرد، ئێستە دۆخەكە جێگیرە و پۆلیس توانوویەتی كۆنتڕۆڵی زیندانەكە بكات كە كەسانێكی تێدابووە سێجار بڕیاری لە سێدارەدانی هەبووە و هۆكارەكەیشی ئەوە بووە ئەو كەسە گوتوویەتی نابێت ئەو پۆلیسانە بێنە ئەو هۆڵە و كێشەكە لێرەوە دەستی پێ كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ژمارەی كوژراوانی زیندانی زڕكا لە دهۆك گەیشتە حەوت كەس و شەش كەسیان عەرەبن و دووكەسیش كوردن، هەروەها كوردە كوژراوەكان یەكێكیان خەڵكی شنگالە و ئەویتریان خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە.



وشە - رامیار جەواد