خولی یەكەمی گفتوگۆی لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردن كۆتایی هات و هەموویشیان ئایدیای خۆیان بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی حكوومەت بۆ یەكتری روونكردەوە كە یەكەمجارە دوای 2003، حكوومەت لە دەرەوەی ویستی واشنتن و تاران دەبێت، بۆیە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائرون سەردانی نەجەفی كردووە بۆ بینینی مەرجەعیەتەكان.
سەركردەیەكی لە رەوتی سەدر ئاشكرای كرد كە موقتەدا سەدر سەردانی پارێزگای نەجەفی كردووە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی سائرون لەلایەك و مەرجەعە باڵاكانی ئاینی لەلایەكی تر كە لەسەرووی هەموویانەوە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق و محەمەد سەعید ئەلحەكیم.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای دەكات لەو سەردانە درێژە بە گفتوگۆكانی لەگەڵ هەردوو مەرجەعی باڵا دەدات كە لە سەردانی محمەد سەعید ئەلحكیم بۆ بەغدا ماوەیەك پێش ئێستە لەسەر هەندێك پرس گەیشتبوونە رێككەوتن، گوتی "موقتەدا سەدر راوێژی بە لایەنە مەدەنییەكەی هاوپەیمانی سائروونیش كردووە پێش ئەوەی سەردانی نەجەف بكات، بۆیە لای سەدر شێوەی حكوومەتی داهاتوو روون، بەڵام دەیەوێت هەڵوێستەكانی زیاتر بە هێز بكات و پشت ئەستووری بكات بە هەڵوێستی مەرجەعییەت و سەرۆك هۆزەكان".
ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر ئاشكرای كرد، موقتەدا سەدر بە خۆی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ سەردانی نەجەفی كردووە كە رەزامەندی زارەكی لەسەر دراوە و چاوەڕوانی هەڵوێستی سیستانی دەكات. گوتی "پێكهاتەی حكوومەتەكەی سەدر هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری تێدا نییە، هەروەها روون نییە كە كام لایەنی كوردی تێدا دەبێت، چونكە ئەوان لەناو خۆیاندا بوونەتە دوو بەرە، یەكێتی لەژێر گوشاری ئێران دایە، پارتیش مەرجی پێشوەختیان لەگەڵ مالیكی باس كردووە و ئەویش پێی رازی بووە بەڵام سەدر تێبینی لەسەر هەبووە".
زیاتر گوتی "سەدر لەگەڵ كەسایەتی زۆر گرنگ لە نەجەف كۆ دەبێتەوە، كە خۆی سەردانیان دەكەت دوور لە چاوی كامێرا و میدیا".
لەبارەی هەردوو جەمسەری هاوپەیمانیەتییەكان و جولەی مالیكی و عامری، ئەو سەركردەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەوڵەكانی ئەوان بەردەوامە و دەیانەوێت سەرنجی هێزە بچووكەكان راكێشن وەك یەكێتی و گۆڕان، جگە لەمە مالیكی دەیەوێت هەندێك لیست هەیە هەڵی وەشێنێتەوە، ئەویش بە دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی خۆی لەو لیستەدا، گوتی "بەڵام جەمسەری هاوپەیمان لەگەڵ سەدر كە هاوپەیمانی نەسڕ و حیكمە و قەرار و لیستی ترە، هەڵوێستیان جێگیرە و چاوەڕوانیش دەكرێت پارتی بەزووترین كات هەڵوێستی خۆی یەكلایی بكاتەوە، دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ یەكێتی بۆ یەكخستنی یەكڕیزی كورد بەرانبەر بە بەغدا".
كۆبوونەوەی دوێنێی پارتی و یەكێتی، لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەمی رابردوو شاندی یەكێتی لە بەغدا بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیار لەگەڵ مالیكی و عامری بە سەرپەرشتی ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا كۆبوونەوە.
مالیكی لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەدا رای گەیاند كە هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە، لەگەڵ یەكێتییش هەموو پرسێك باس كراوە.
لای خۆیەوە محەمەد خۆشناو، ئەندامی پێشتری هاوپەیمانی كوردستانی لە خولی 2010ی پەرلەمان، دەڵێ ئێرانییەكان زۆر هەوڵ دەدەن هاوپەیمانیەتییەكی گەورە لەناو پەرلەمان دروست بكەن كە زۆرترین كورسی هەبێت، بەڵام پێ دەچێت مەرجەعیەتی نەجەف بێدەنگ نەبێت بەرانبەر ئەو دەستوەردانەی ئێران قسەی خۆی بكات و جەمسەری موقتەدا بەسەر جەمسەری ئێرانی كە مالیكی و عامری سەرپەرشتی دەكەن سەربخات.
زیاتر گوتی "مالیكی و عامری بەڵێنیان داوە داواكاری كورد چی هەیە جێبەجێ بكەن و ئێرانیش گەرەنتی جێبەجێكردنەكەی دەدات، هاوكات لەولاش ئەمەریكا گوشار دەخاتە سەر لایەنی تری كوردی".
فەلاح موحسین عوبێدی، ئەندامی هاوپەیمانی سائروون بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە دەڵێ، ئەوەی لێی دڵنیاین و كۆتایی پێهاتووە ئەوەیە كە حكوومەتی داهاتوو بێ نووری مالیكی و سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا دەبێت، رەنگە ئەم هەفتەیەش گوێبیستی سوپڕایسی گەورە ببن لەسەر ئاستی پێكهێنانی هاوپەیمانی گەورە.
جموجۆڵە كراوەكان لە كاتێكدایە موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد لە گردبوونەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بوەستن و هیچ هەڕەشەیەك لەكەس مەكەن".
سەدر لە تویتێكدا بۆ لایەنگرانی ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بیەوێت ئەو كارە بكات ئەوا عێراق بەرەو لێواری توندوتیژی و شەڕ دەبا، پێویست ناكات هێرش بكرێتە سەر وڵاتانی دەوروبەر یان داگیركەر، بەڵام ئێمە سازش لە هەڵوێستی خۆمان ناكەین.
ئەو تویتەی سەدر دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی هات كە چەكدارانی سەرایای سەلام و لیوای یەومی مەوعوودی سەر بە سەدر بڵاویان كردەوە و هەڕەشە و بەڵێن دەدەن هەر كەسێك دەست بۆ سەدر درێژ بكات.
هاوكات ئەحمەد سەڕاف، سەركردەی رەوتی مەدەنی پێی وایە لەدایكبوونی حكوومەتی نوێ هەروا ئاسان نابێت، چونكە پێوەندار كراوە بە كێشە هەرێمایەتییەكان و سیاسەتی مەچەك بادان لەنێوان واشنتن و تاران.
زیاتر گوتی، "ترسی ئێمە لەوەدایە ئەو ململانێیە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر رەوشی تەناهی و خزمەگوزاری دروست بكات"، زیاتر گوتی "هەموو چاوەكان دەچنە سەر مەرجەعیەت كە توانای هەیە ململانێ و ركابەری نێوان لایەنەكان كۆتایی پێ بهێنێت و جولەی ئێرانیش بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ سڕ بكات".
وشە/ فەرمان