شەقڵاوە.. مارێكی گەورە كوژرا

:: PM:11:23:26/05/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارەدێی هیرانی سەر بە شارۆكەی شەقڵاوە، مارێكی گەورە و ترسناك لە لایەن هاووڵاتییەكی هیران بە ناوی (فەرهەنگ) كە كاری باخداریە، كوژرا.

موحسین قەسرۆكەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە لەو بارەوە دەڵێت، ئەوە یەكەمجارە لە سنووری شارۆكەی شەقڵاوە جۆرە مارێكی وا گەورە ببینرێت و بكوژرێت كە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا رێژەی مار لەناو باخ و باخچە و كێڵگە كشتوكاڵییەكان زۆر بووە.

زیاتر گوتی، تەنیا لەماوەی یەك مانگی رابردوودا زیاتر لە شەش هاووڵاتی سنووری شارۆكەی شەقڵاوە و شارەدێكانی مار بەوانی وەداوە و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون و چارەسەریان بۆ كراوە.

لای خۆیەوە فەرهەنگ لەبارەی چۆنیەتی كوشتنی مارەكە گوتی، ئەم ئێوارەیە  لەسەر رێگای باخچەكەم ئەو مارە گەورەم بینی كە ناسراوە بە (كۆرەی وەی باب)، سەرەتا كە بینیم ترسێكی زۆرم لێ نیشت، چونكە نزیكەی دوو مەتر دەبوو و خەریك بوو هێرشم بكاتە سەر، بۆیە بە پەڵە سواری ئۆتۆمبێڵەكەم بووم و بەسەر ناوقەدی كەوتم، لە ئاوێنەكەدا بینیم هێرشی كردە سەرم، بۆیە بۆ دووەم جار بە ئۆتۆمبیڵەكەم بەسەری كەوتمەوە و بە زەحمەت توانیم بیكوژم، چونكە بە تەنیا بووم و مارەكەش گەورە بوو كە یەكەمجارە مارێكی وا ترسناك ببینم.
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە ئاماژەی كرد، داوا لە جووتیار و باخداران دەكەین لەكاتی بینینی ئەو جۆرە مارانە خۆیان بپارێزن، چونكە هەندێك جۆری مار هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و لەكاتی پێوەدانی مار پێویستە بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكەن پێش ئەوەی ژەهری مارەكە بە ناو لەشیاندا بڵاو ببێتەوە و ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان.








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل