هەموو رێگاكانی عێراق دەچنەوە سەری بڵند

:: AM:10:07:27/05/2018 ‌

دەرئەنجانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جارێكی تر خەونی ئەوانەی پووچەڵ كردەوە كە بانگەشەی شكستی پارتییان دەكرد. بە پێچەوانەوە پارتی براوەی یەكەمی كوردستان و عێراقیش بوو وەك حزب. بەوەیش هەمان ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆی لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق وەك پێشتر بۆ دەگەڕێتەوە و هیچ بەرە و هاوپەیمانییەك بەبێ پارتی ناتوانن حكوومەتێكی بەهێز دروست بكەن، بۆیە جارێكی تر شەقامی سەری بڵند قەرەباڵغ دەبێتەوە و سیاسی و سەركردە عێراقییەكان پۆل پۆل ڕوو لە بارزانی دەكەنەوە.

بارزانی بێ ئەوەی بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی بكات بۆ عێراق، پارتەكەی براوەی یەكەم بوو، ئەمەش پێچەوانەی تەواوی بۆچوون و پێشبینییەكان كەوتووە كە زۆرینەیان گرەویان لەسەر شكستی بارزانی دەكرد. بۆیە پەیمانگەكانی توێژینەوە و سیاسەتوانان دەڵێن، ئەگەر دەرچوونی لیستەكەی سەدر بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سوپرایزی هەڵبژاردنی عێراق بێ، ئەوا بردنەوەی بارزانی و حزبەكەی سوپرایزێكی گەورەترە لە عێراق، چونكە ئەو نە خۆی بەشداری كرد، نە لایەنگرانی حزبەكەی بەهۆی ئەوەی ڕیفراندۆمیان ساز كردبوو، بە گەرموگوڕیی پێشتر دڵیان بە هەڵبژاردنی عێراق خۆش بوو، بەڵام توانییان جارێكی تر سەركەوتن بەدەست بهێننەوە.
ئازاد جندیانی سیاسەتوانی ناوداری كورد، بۆ "وشە" گوتی، ئەوانەی گرەویان لەسەر شكستی كورد دەكرد، دەبوو ئەوە بزانن لە بنەڕەتدا عێراق شكست دێنێ. جیا لەوەیش، ئەوەی گرنگە ئێستە چۆنیەتیی مامەڵەكردنی ئەو حكوومەتەیە. بەگوتەی جوندیانی "بنەمای زۆرینە و كەمینە شكست دێنێ و كورد بە گشتی لەگەڵی نییە و تەنیا شۆڤێنییەكانن دژی دیموكراسی و سازانن، لە كاتێكدا لە زۆر وڵات بۆ قۆناغێكی دیاریكراو دیموكراسیی سازان ئەنجامی باشی هەبووە".
"دەبێ بۆ چوونەوە بەغدا یەكڕیزی هەبێ و ئەو شەش حزبەی نیگەرانن و باس لەوە دەكەن ساختەكاری كراوە، دەبێ نیگەرانییان بڕەوێنرێتەوە و پێوەندی نێوان حزبەكان ڕێك بخرێتەوە و یەكڕیز بن" جوندیانی وای گوت.
ئەو سیاسەتوانە كە تەمەنی خۆی و باوكی لە خەباتی پێشمەرگایەتی دژی رژێمەكانی عێراق و دواتریش ململانێی سیاسیی لەگەڵ عێراق بەسەر بردووە، دەڵێ، "دەستوور كۆمەڵێك مادەی تێدایە باس لەوە دەكات بە یاسای تر ڕێك بخرێن، بۆیە پێكهێنانی حكوومەت بە سازانیش ناتوانێ چارەسەری گرفتەكانی كورد بكات، ئەگەر هەموو بوارەكان رێك نەخرێنەوە، بەڵام لە دوا ڕاگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی باش هەن، كە بەر لە سازان باس لە شەراكەت و هاوبەشی كراوە پاشان هاوسەنگی و سازان".
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە دوای هەڵبژاردن لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، جندیانی گوتی، ئەو بە واقیعی لە مەیدانەكە ماوەتەوە و نازانین ئاخۆ بارزانی ناچارە وەك پێشوو هەوڵ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بدات، لە كاتێكدا بەغدا سزای زۆری كوردستانی دا، ئەگەر دڵنیا نەبێ لە داهاتووی كورد لە عێراق، بارزانی چۆن هەموو هێز و توانای خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕۆڵگێڕان لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.
ڕەنجبەر شێخو مامۆستای زانكۆی دهۆك و پسپۆڕ لە یاسا و دەستوور، بۆ "وشە" گوتی، هاوكێشە سیاسییەكان دوای هەڵبژاردن زۆر ڕوونن، بارزانی وەك مەرجەعێكی كورد و سەركردەیەكی كاریگەر ڕۆڵی تەواو و سەرەكی دەبێ لە حكوومەتی داهاتووی عێراق، چونكە هەم پارتی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، هەم لایەنەكانی تری عێراقیش ئەوە دەزانن، ئەگەر لەگەڵ بارزانی ڕێك نەكەون، هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە حكوومەتی عێراق، بۆیە جارێكی تر لایەن و سەركردەكان دەبێ ڕوو لە بارزانی بكەنەوە.
"یار و نەیار بەو سەركەوتنەی بارزانی تێگەیشتن، شكستهێنانی بارزانی و پارتی ئاسان نییە و بگرە زۆریش قورسە، بۆیە دەستیان بە گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ سەری بڵند كردووە" پسپۆڕەكە وای گوت.
ئاماژەی بەوەیش دا، بارزانی لە دوای 2003ەوە بەهێزترین كاراكتەری سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق و بە ئیرادە و بوێرییەوە هەرچی خواستوویەتی ئەنجامی داوە و لە پێگەی كاریگەریی خۆیدا ماوە، بۆیە لە ئێستە و داهاتوویشدا وەك بەهێزترین كاراكتەر دەمێنێتەوە، چونكە ئەو مەرجەعی گەلێكە و لە پۆست بێ یان نا، لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە وەك بڕیاری گەلی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ.
بەگوتەی ئەو شارەزا دەستوورییە "ئەمەریكای ترەمپ و وڵاتانی دنیا دەیانەوێ بارزانی و پارتی لە پشت حكوومەتی داهاتووی عێراقەوە بن، بۆ ئەوەی حكوومەتێكی بەهێز دروست ببێ و توانای چارەسەری گرفت و تەنگژەكانی هەبێ و بە ڕووی ئێران بووەستێتەوە، بۆیە ئێستە تۆپەكە لەژێر دەستی كوردستان و لە بەردەستی بارزانیدایە، ئاخۆ بە چ مەرجێك پشتیوانی لەو حكوومەتە دەكات، گومانیشمان نییە كە مەرجی بارزانی بۆ چوونە ناو حكوومەت بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانە".
لای خۆیەوە سەید محەمەد عەباس پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە بەغدا، ئەوەی خستە ڕوو كە بەرژەوەندی بنەمای سەرەكی سیاسەتە، بۆیە دوژمنایەتی تا سەر نییە. ئاماژەی دا "بارزانی ڕیفراندۆمی ئەنجام دا، بەڵام دواتریش 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی دا، هەموو ئەوانە دەكرێ گفتوگۆیان لەسەر بكرێ و دووبارە هەردوولا بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە پێویستمان پێیەتی و ئەوانیش پێویستیان بە بەغدایە، چونكە ئەویش براوەی هەڵبژاردنە، بۆیە دواجار لە یەك حكوومەت بەیەكەوە بەشدار دەبین".
واسق ئەلهاشمی سەرۆكی گرووپی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لە بڕوایەدایە كە دەرئەنجامی هەڵبژاردن گۆڕانكاریی گەورەی لێ نەكەوتووەتەوە. بەگوتەی هاشمی "ئەوەی هەیە دابەشبوونی دەوڵەتی یاسا و سوپڕایزی هاوپەیمانی سائیروونە، بۆیە ئەگەر ئێران سەركەوتوو بێت لە دروستكردنەوەی ماڵی شیعە تەنانەت بێ بەشداری سائیروون، ئەوكاتە داواكاری كورد و سوننە بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر سائیروون بتوانێت هاوپەیمانێتییەك لە دەرەوەی مەزەوگەرایی پێك بهێنێت، ئەوا هەر لایەك بەگوێرەی قەبارەی خۆیان پشكیان دەبێت لە حكوومەتی داهاتوو، ئەمەش وا دەكات حكوومەتی داهاتووی عێراق لاواز بێت.
سەرۆكی گرووپی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی دەڵێ، "هەمووان دەزانن پارتی ریفراندۆمی كرد و زۆرینەی كورسیەكانیشی بەدەست هێناوە و براوەی هەڵبژاردنە، ئەوان لەوە تێگەیشتن كاتێك ریفراندۆمیان كرد كەس پشتگیری لێ نەكردن بۆ راگەیاندنی دەوڵەت، ئێستە دوای هەڵبژاردن كە دەگەڕێنەوە بەغدا دەبێ بەغدا و پارتیش نەرمی بۆ یەكتر بنوێنن، تا دووبارە عێراق بكەوێتە سەرپێ".
"ئەگەر كورد دووبارە هاوپەیمانی كوردستانی لە نێوان خۆیان دروست بكەنەوە، پێگەیان زۆر بەهێزتر دەبێ، بە هەر جۆرێك بێ بارزانی و پارتی زیرەكانە یاریی دەكەن، لە نێوان بەرەی سائیروون و نەسر لەلایەك، فەتح و دەوڵەتی یاسایش لەلایەكی ترەوە، بۆیە بژاردەی زۆر لە بەردەم پارتییە و ڕۆڵی كارا و كاریگەری دەبێ" سەرۆكی گرووپی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی وای گوت.

وشە/ باز، فەرمان، نەوزاد.



وشە - تایبه‌ت