هاووڵاتییەكی دەڤەری دۆسكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، لە كاتی كاركردنی لە بێستانێك و چاندنی كاڵەك، جۆرە خشۆكێكی سەیری بە دوو كلك دۆزییەوە و وێنەی گرت، وێنەكانیشی دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لێ كەوتەوە.
ئەدیب مازی هاووڵاتییەكی گوندی دووكەری سەر بە شارەدێی بامەڕنێی دەڤەری دۆسكی سنووری شارۆكەی ئامێدییە و بۆ "وشە" گوتی، دوێنێ لەكاتی چاندنی كاڵەك "گندۆرە" لە بێستانی خۆم لە گوندی دووكەر، خشۆكێكی سەیر كە لە مارمێلكە دەچوو بە بەردەممدا هات، ئەوەی سەیر و نامۆ بوو بەلامەوە، ئەو دوو كلكی هەبوو، ئەمەیش تا ئێستە ڕووی نەداوە.
زیاتر گوتی، پێشتر هیچ كات مارمێلكەی دوو كلك لەو ناوچەیە نەبینراوە و جۆرێكی تەواو جیاواز و نامۆ بوو، وێنەیەكم لێ گرت و دواتر ئازادم كرد، پێویستە هاووڵاتییان گرنگی بە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە كێوییەكان بدەن و نەیانكوژن و لە كوردستان قڕیان بكەن.
بڵاوكردنەوەی وێنەی ئەو مارمێلكە كە تا ئێستە ڕوونیش نییە بە تەواوی مارمێلكە بووە یان مار، یان جۆرە ئاژەڵێكی تری جیاواز، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەژاندووە و خەڵكێكی زۆری سنووری ئامێدی لە ئەكاونتەكانی خۆیان وێنەكەیان بڵاو كردووەتەوە و سەرسامی خۆیان بە بینینی ئەو جۆرە خشۆكە دەردەبڕن و دووپات لەوە دەكەنەوە، تا ئێستە حاڵەتی لەمشێوەیە لە ناوچەكە نەبینراوە.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری.