كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێشنیاری كرد ناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا (چامیۆنس لیگ) بگۆڕدرێ.
دوێنێ شەموو رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید سێیەم ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای لەسەریەك و 13مینی لە مێژوودا بەرز كردەوە دوای ئەوەی بەئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییان بردەوە.
ئەمە پێنجەمین ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو كە رۆناڵدۆ لە ژیانی وەرزشیدا بەدەستی دێنێ، واتە ئەو ئەستێرەیە بەتەنیا بەقەدەر یانەكانی بەرشەلۆنە و لێڤەرپوول و بایرن میونشن ناسناوی خولەكەی بردۆتەوە.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند كە رۆناڵدۆ مافی خۆیەتی شانازی بەم مێژووە گەورەیەوە بكات بە رادەیەك وەك ئەوەی كە بەشێوەی گاڵتەوە گوتوویەتی "دەبێت لە داهاتوودا ناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بگۆڕن و بیكەن بە خولی پاڵەواناننی كریستیانۆ رۆناڵدۆ (CR7)".