ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپێشاندانەكان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك، پێی نایە هەفتەی سێیەمەوە و ئاماژەی مەترسیداری لێ هەڵكەوتوون، كە دۆخی شارەكە بۆ خاڵی سەرەتا دەگەڕێننەوە و شەڕی نەتەوەیی لە شارەكە قووڵ دەكەنەوە، كە عەرەب و توركمان لەلایەك و كوردیش لەلایەكی ترەوەیە، بۆیە بەرپرسانی شارەكە هۆشداری لە داڕمانی دۆخی تەناهی و ئارامی شارەكە دەدەن.
بەرپرسێك لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "
العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، دۆخی تەناهیی كەركووك بە تەواوی ناجێگیرە، بەهۆی هاندانی هەندێ لایەنی سیاسی تا خەڵكی بەردەوام بن لە مانگرتن و ناڕەزایی و خۆپێشاندان، بەتایبەت میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە هاوپەیمانی فەتحی سەر بەو هێزە میلیشیایە دەنگی پێویستی نەهێناوە، بۆیە لایەنگرانیان هان دەدەن بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە تەواوی ڕەت بكەنەوە، ئەوان تانە و سكاڵای زۆریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمار كردووە و چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی تانە و سكاڵاكانن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، ئەگەر ئەنجامەكان بەهەمانشێوە بمێننەوە، مەترسی گەورەتر ڕوو لە شارەكە دەكات.
لەلایەكی ترەوە عەلی حوسێنی گوتەبێژی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، خۆپێشاندانەكان بەردەوامن و پێویستە شێوازێكی گونجاو و هاوبەش لە دۆسیەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بدۆزرێتەوە، ئێستەیش سندووقەكانی دەنگدان لە كەركووكن و ڕێ نادرێ ببرێنە بەغدا، هێزەكانی عێراق بە چڕی بنكەی كۆمسیۆن دەپارێزن و مەترسی هێرشكردنە سەریان هەیە.
كەركووك یەكێكە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن هەندێ هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، لە پێناوی دزینی نەوت بە قاچاخ و نایاسایی شارەكەیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، بەوهۆیەوە خەڵێكی زۆر ئاوارە بوون و تاڵانی و ڕەشبگیری ماڵی كورد و گرتن و سووكایەتی پێكردن بە چڕی لە كەركووك دەستی پێ كرد و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.