رامۆس لەسەر پێكانەكەی محەمەد سەڵاح چی گوتووە؟

:: PM:12:55:27/05/2018 ‌

سێرجیۆ رامۆسی كاپتن و و بەرگریكاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پەیامێكی بۆ محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی نارد كە لە یارییەكەی دوێنێدا تووشی پێكانی كرد.

دوێنێ یەكشەم یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە شاری كییفی پایەتەختی ئۆكڕانیا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و لێڤەرپوول بەڕێوە چوو، یانەكەی یەكەم یارییەكەی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بردەوە و بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك و 13مین جار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی خولەكە.

لەو یارییەدا رامۆس بەهۆی راكێشان و بەردانەوە سەڵاحی تووشی پێكانی قۆڵ و باڵی كرد و لە خولەكی 30 گێمی یەكەمدا بەگریانەوە یاریگەی پێ چۆڵ كرد.

رامۆس جەختی كردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك مەبەستی هەوڵی ئازاردان و دوورخستنەوەی سەڵاحی نەبووە و رووداوەكە تەنیا رووداوێكی ئاسایی ناو یاریگە بووە.

رامۆس لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی "هەندێ جار هەیە تۆپ بۆت پێ دەكەنێ، بەڵام هەندێ جاری واش هەیە پشتت تێ دەكات".

زیاتر نووسیویەتی "دووپاتی دەكەمەوە كە من و سەڵاح هاوپیشە و هاوڕێین و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ دەخوازم، دڵنیاشم داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانی دەكات".

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكشەم رۆژنامە ئینگلیزییەكان هێرشێكی توندیان كردبووە سەر رامۆس و ئاماژەیان بەودابوو كە بە ئەنقەست ئەم كارەی كردووە بۆ ئەوەی بە پێكانی سەڵاح هەلی یانەی لێڤەرپوول بۆ سەركەوتن لاواز ببێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م