هاووڵاتییان و چاودێرانى سیاسی سلێمانى ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه دروستبوونى هه‌ر هێزێك له سلێمانى ده‌بێته هۆكارێك بۆ دروستبوونى ململانێى زیاتر له‌و پارێزگایه و په‌راوێزخستن و په‌كخستنى هه‌موو سێكته‌ره‌كان له‌و شاره، بۆیه داوا ده‌كه‌ن "هێز و لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان وه‌لا نێن و خزمه‌تى سلێمانى بكه‌ن".
ساڵى 2009 كاتێك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دروست بوو، خه‌ڵكى پارێزگاى سلێمانى پێیان وابوو ژیانیان به جۆرێكى ته‌واو ده‌گۆڕێت و خزمه‌تگوزارى و ژیانى باشتر ڕوویان تێ ده‌كات، به‌ڵام ململانێكانى نێوان یه‌كێتى و گۆڕان له دواییدا خه‌ڵكى بێ‌ئومێد كرد و هه‌ستیان كرد شاره‌كه‌یان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بێته قوربانى ئه‌و ململانێیه. ئێسته كه دوو هێزى تر، "هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و نه‌وه‌ى نوێ" له‌و پارێزگایه دروست بوون، مه‌ترسیى ململانێى زیاتر و په‌راوێزخستنى زیاترى سلێمانى له ئارادایه.
بڕوا حه‌مه‌عه‌لى /32 ساڵ/ و مامۆستا، به "وشه"ـى ڕاگه‌یاند، سلێمانى بووه‌ته قوربانیى ململانێ سیاسییه‌كان و له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا به ئه‌ندازه‌ى 50 ساڵ هاتووه‌ته دواوه له ڕووى خزمه‌تگوزارى و پڕۆژه و بره‌ودان به كولتوور و هونه‌ر.
ئه‌و گوتى، "به گشتی و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكانى كاسبكار و ناو بازاڕ له دروستبوونى هه‌ر حزبێكى نوێ له پارێزگاى سلێمانى ده‌ترسین، چونكه پێشتر هه‌ر یه‌كێتى و گۆڕان بوون، له‌به‌ر ململانێ هیچى تریان بیر نه‌مابوو، ئێسته ببن به چوار و پێنج ده‌بێت سلێمانییان بۆ چۆڵ بكه‌ین".
بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، دوو حزبى تر له هه‌رێمى كوردستان دروست بوون كه بریتین له نه‌وه‌ى نوێ به سه‌رۆكایه‌تیى شاسوار عه‌بدولواحید و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى به سه‌رۆكایه‌تیى به‌رهه‌م ساڵح، به‌پێى ئه‌نجامه‌كان و جه‌ماوه‌ره‌كانیشان، وا ده‌رده‌كه‌وێت پێگه‌ى ده‌نگ و جه‌ماوه‌رى ئه‌و دوو هێزه‌ش كه‌وتووه‌ته پارێزگاى سلێمانییه‌وه، ئه‌وه‌ش ململانێكه له هه‌ڵبژاردنه ناوخۆیییه‌كانى سلێمانیدا زیاتر ده‌كات.
ستار عه‌ونى /43 ساڵ/، خاوه‌نى دووكانى فرۆشتنى كه‌لوپه‌لى سه‌رتاشى و جوانكاری له شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانى، بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه كه هێزه‌كان هه‌موو تین و تاوێكیان له سلێمانى بڕیوه. ئه‌و پێى وایه "ئه‌و سلێمانییه‌ى 10 ساڵێكه هه‌یه هه‌رگیز ئه‌و سلێمانییه نییه كه پێشتر هه‌بوو".
ئه‌و دووكانداره زانیاریى زیاترى دا و گوتى، ئێمه له‌ناو بازاڕین و ئاگادارین، حزبه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه ته‌نانه‌ت قسه‌ى خۆش و نوكته‌شیان له بیرى خه‌ڵك بردووه‌ته‌وه، هه‌رگیز خه‌ڵكى سلێمانى به ئه‌ندازه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه بێتاقه‌ت نه‌بوون، دروستبوونى هه‌ر حزبێكى نوێش لێره ئه‌و خه‌مۆكی و بێزارییه‌ى خه‌ڵك زیاتر ده‌كات.
ئه‌زموونى 10 ساڵى ڕابردووى نێوان گۆڕان و یه‌كێتى خه‌ڵكى به ته‌واوه‌تى ترساندووه، ده‌ڵێن ئه‌وان دوو هێز بوون هه‌ر خه‌ریكى گۆڕینى پارێزگار و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بوون، پرسیاریش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر هێزه‌كان زۆرتر بن چى به‌و شاره و خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌كه‌ن.
عه‌بد ئه‌مین مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و چاودێرى سیاسى، بۆ "وشه" ئاماژه‌ى به‌وه دا كه پارێزگاى سلێمانى له ڕووى خزمه‌تگوزارى و مۆدێرنكردنه‌وه چه‌ند ساڵێكه هیچى بۆ نه‌كراوه. دووپاتی كرده‌وه كه "ئه‌وه به‌شێكى پێوه‌ندی به كه‌مته‌رخه‌میى حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه هه‌یه و به‌شێكیشى پێوه‌ندى به ململانێى حزبه‌كانى ئه‌م پارێزگایه‌وه هه‌یه".
چاودێره سیاسییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه "زیادبوونى هێزى سیاسیى له ڕووى كولتوورى دیموكراسى و پرۆسه‌ى ململانێى ته‌ندروست بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سڵات زۆر گرنگه، به‌ڵام ئه‌زموونى وڵاتانى ئێمه زیاتر له‌سه‌ر ڕێگرى و یه‌كترشكاندن و په‌راوێزخستنى خه‌ڵك دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ش جێى نیگه‌رانییه."
بڕیاره له 30ى ئه‌یلوولى ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه بچێت، ئه‌گه‌ر هه‌یه هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانیشى له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدرێت.
"گرنگه ئه‌و هێزانه به‌تایبه‌ت له سلێمانى واز له ململانێ بێنن و كێبه‌ركێ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن له‌سه‌ر خزمه‌تكردنى خه‌ڵك بكه‌ن، به‌ده‌ر له‌وه سلێمانى به‌ده‌ست زۆربوونى ئه‌و هه‌موو هێزه‌وه، هێنده‌ى تر په‌راوێز ده‌خرێت" ئه‌مین وای گوت.
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال