كامێرای مۆبایلەكەی Vivo سەرسوڕهێنەرە

:: PM:02:20:27/05/2018 ‌
كۆمپانیای ڤیڤۆ بڕیارە لە 12ی حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ واتە دوای دوو هەفتەی تر مۆبایلێكی نوێ بخاتە بازاڕەوە و زانیارییەكانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن، كامێرای ئەو مۆبایلە نوێیە زۆر ناوازە و سەرسوڕهێنەرە.

بەگوێرەی وێنە و زانیارییە بڵاوكراوەكان، كامێراكەی مۆبایلی نوێی ڤیڤۆ لە ناوەوەی پەیكەری مۆبایلەكەدایە و هیچ شوێنەوارێكی دیار نییە، لەو كاتەی فەرمانی پێ دەكرێ لە بەشی سەرەوەی مۆبایلەكە بەرز دەبێتەوە و وێنەی پێ دەگیرێت، ئەمەیش تایبەتمەندییەكی ناوازەیە و زۆر لە هەوادارانی مۆبایلە زیرەكەكان پەسنی دەكەن و چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی بەرهەمە نوێكەی ڤیڤۆن.

شاشەی ئەو مۆبایلە 5.9 بۆسەیە و بە چەند جۆرێكی جیاواز دەخرێتە ڕوو، زانیارییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە ڤیڤۆ مۆبایلەكە بە ناوی ئەپێكس بڵاو دەكاتەوە و پرۆسیسەرەكەی كوالكۆم سناپدراگۆن 845ە و كامێرای پشتەوەی دوو دانەیە، هاوكات پەنجەمۆرەكەیشی كەوتووەتە سەر شاشەكەی و دووگمەی هۆمیشی لەگەڵ شاشەكەی تێكەڵ كراوە.

جێی باسە لە ماوەی داهاتوو زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەك پەرەیان بە كامێرای مۆبایلەكان دا و كردیان بە دوو كامێرا، بەڵام تا ئێستە هیچ یەكێك لە مۆبایلە زیرەكەكان تایبەتمەندی شاردنەوەی كامێراكانی لە ناو جەستەی مۆبایلەكەی تێدا نییە، كە بە فەرمانێك بهێنرێتە دەرەوە و كاری پێ بكرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د