دیپلۆماتكارە چاكسازیخوازەكان لەسەر وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی ئەمەریكا رووبەڕووی توندڕۆكان و سوپای پاسداران دەبنەوە، دێوەزمەی تەنگژەی ئابووری رەنگە دواجار تاران ناچاری گۆڕینی هەڵوێستی بكات، ئەگەرچی سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتەش لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكانیاندا هێرشی توند دەكەنە سەر ئەمەریكا، بەڵام هەندێك سەركردەی باڵای وڵات پێیان وایە نابێت دەرگای گفتوگۆ دابخرێت، بۆیە باشترە دەرگای دیپلۆماسیی بە كراوەیی بهێڵرێتەوە.
هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لیستێكی داواكاری كەمەرشكێنی بەسەر ئێران خوێندەوە كە خۆی لە وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی موشەكی بالیستی و وازهێنان و كشانەوە لە سووریا و لبنان و یەمەن، ئەگەر ئەوە نەكات ئەوا "رووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە لە مێژوودا".
پێوەند بەو پرسە چوار بەرپرسی دیاری ئێرانی قسەیان بۆ "رۆیتەرز" كردووە، پێیان وایە ئەوەی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێرانی دەكات "ستراتیجی سازشكردنە" و هەمان تەكتیكی مامەڵەی ئەمەریكایە لەگەڵ كۆریای باكور.
ماوەی ساڵێك دەبێت ئەمەریكا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەموو رێیەك دەگرنەبەر بۆ سەپاندنی توندترین سزا بەسەر پیۆنگیانگ، بۆ ئەم مەبەستەش كەشتی فڕۆكە هەڵگری جەنگیان رەوانەی ئاوەكانی ناوچەكە كرد و نمایشی سەربازیشیان پێ كرد، بە جۆرێك بارگرژی گەیشتبووە ئاستێك هەموولا چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد كەی شەڕەكە دەست پێ دەكات، بەڵام دواتر هاوكێشەكە پێچەوانە بووە و ئەو پۆمپیۆیەی لیستێكی داواكاری لەسەر ئێران خوێندەوە هەمان ئەو كەسایەتییەیە كە وەك بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ماوەی مانگێك دووجار سەردانی پیۆنگیانگی كرد و لەگەڵ سەركردە گەنجەكەی كۆریای باكور كۆبووەوە و رەوشەكەی وەها هێور كردەوە، بڕیارە 12ی مانگی داهاتوو كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان ترەمپ و كیم ببەسترێت، ئەگەرچی ترەمپ كۆبوونەوەكەی دواخستووە بەڵام هەوڵەكان هەر بەردەوامە.
یەكێك لەو بەرپرسە ئێرانییانەی بەشداری كۆبوونەوەكانی پێوەندار بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی كردووە لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك، دەڵێ ئەمەریكا نایەوێت خۆی لە جەنگێكی تر بدات، هەروەها ئێرانیش ئەوەی ناوێت و لەمەش زیاتر بەرگەی ئاستەنگی ئابووری ناگرێت، بۆیە بێگومان چارەسەرێكی مامناوەند هەیە كە هەردوولا رازی بكات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بەسەرچووە، بەڵام پێ ناچێت خامنەیی پشتگیری هیچ هەوڵێكی دیپلۆماسی بكات، چونكە ئەمە كاریگەری لەسەر مسداقیەتی خۆی و نێوان جەماوەر و هێزە توندڕۆكانی دروست دەكات، هێزە توندڕۆكانیش بەهەموو شێوەیەك چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ رۆژئاوا ڕەت دەكەنەوە.
بەرپرسێكی نزیك لە سەربازگەی خامنەیی، دەڵێ ئەمەریكییەكان درۆ دەكەن، ئەگەر ئێران ئەو مەرجانە قبووڵ بكات ئەوا ئەوان بە مەرجی زیاترەوە دەگەڕیێنەوە تاران.
جامە ژەهرەكە
ئەمەریكا لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە رێككەوتنی ناوەكی كشایەوە كە ساڵی 2015 لەلایەن باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا واژووی لەسەر كرابوو، بەو مەرجەی ئەمەریكا سزا ئابوورییەكان لەسەر تاران هەڵگرێت. بەڵام بەگۆڕینی ئۆباما و هاتنی ترەمپ كۆمەڵێك شت گۆڕانیان بەسەردا هات، هەرزوو لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ترەمپ رای گەیاند دەبێت ئەو رێككەوتنە هەموار بكرێتەوە.
ئێران دەڵێت مافی خۆیەتی توانای ناوەكی هەبێت و بەرنامەی موشەكی بەرگریشی هەبێت، ئەم دووانەش دانوستاندنی لەسەر ناكەین. بەڵام پێ دەچێ لاوازی ئابووری ئێران، دوای چەند دەیەیەك لە سزادان و گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی دەوڵەت، ئەستەمە بتوانێت لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگیر بێت، بۆیە پێ دەچێ خامنەیی بژاردەی دیپلۆماسی قبووڵ بێت.
كەسە نزیكەكانی خامەنەیی پێیان وایە خامەنەیی بەو رێچارەیە رازی نەبێت، بەڵام پێ دەچێ وەك خومەینی "جامە ژەهرەكە" بخواتەوە لەو كاتەی نەتەوە یەكگرتووەكان نێوەندگیری لە نێوان جەنگی ئێران و عێراق لە 1980 تا 1988 كرد، خومەینی راگرتنی دەنگەكەی وەك خواردنەوەی جامی ژەهر ناو برد.
دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی دەڵێ بەلای زۆرینەی بەرپرسە سیاسییەكانی ئێرانی رەوشی ئابووری پرسە هەرە لە پێشینەكەیە نەك ئەوەی ئێران لە ناوچەكە ئەنجامی دەدات یان خۆ سەرقاڵكردن بە بەرنامەی ناوەكی، بۆیە پرسەكە پێوەندی بە كات هەیە تا سەركردەكانی ئێران هەندێك نەرمی نیشان بدەن، ئەمەش هەر لە ئێستەوە دەستی پێ كردووە و كاریشی بۆ دەكرێت.
تەنانەت لاوازی ئابووری ئێران خامنەیی ناچار كرد رەزامەندی لەسەر رێككەوتنی 2015 لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد، بەپێی رێككەوتنەكەش كۆتا بە گۆشەگیری ئێران لە رووی ئابووری و سیاسییەوە هات.
لایەنە ئەوروپییەكان هەوڵی رزگاركردنی رێككەوتنەكە دەدەن، ئەمەش كەمێك قورسە دوای كشانەوەی ئەمەریكا رێككەوتنەكە، زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لەو بڕوایەن، ئەوانەی توندڕۆن لەوانە سوپای پاسداران داواكارییەكەی پۆمپیۆ بە راگەیاندنی جەنگ دژ بە ئێران لێك دەدەنەوە، ئەمەش بە روونی لە بەیاننامەی سوپای پاسداران رەنگی دابووەوە.
چاودێران بۆچوونیان وایە ناكرێت مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە و فرەوان بەدوور بگریت، ئەگەرچی ترەمپ دەیەوێت ئەمەریكا لە ململانێیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخاتەوە كە ساڵانێكی زۆرە تێچوویەكی زۆری لەسەر ئەمەریكا دروست كردووە.
سەعدی لیلاز چاودێری سیاسی لە تاران كە قسەی بۆ "
عەرەب" كردووە، دەڵێ ئەگەر ئەمەریكا ئێران بەرەو گۆشەگیری و گوشاری زیاتر بخاتەسەر، ئەوا هیچ لە بەردەم تاران نامێنێتەوە جگە لە وەڵامدانەوە، ئەمەشە هەڵۆكان دەیانەوێت.
هاوكات ئێران رای گەیاند ئەگەر رووبەڕووی هەر هێرشێكی ئەمەریكی ببێتەوە یان بەرژەوەندییەكانی بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوا وەڵاممان دەبێت، سەعدی گوتی "راستە ئێران لە شەڕی بە وەكالەت سەركەوتوو بووە، بەڵام ناتوانێت شەڕی رووبەڕوو لەگەڵ ئەمەریكا یان ئیسرائیل ئەنجام بدات، چونكە چەكی پێشكەوتووی نوێی نییە.