راوێژکاری سەربازی خامنەیی "هەڕەشەی سەربازی" لە ئەمەریکا دەکات

:: PM:04:28:02/12/2016 ‌

لەدوای پەسندکردنی یاسای سزادانی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکاوە، راوێژکاری باڵای سەربازی عەلی خامنەیی ئەمەریکا لەوە ئاگادار دەکاتەوە، ئەو کردارە خەسارێکی قورسی سەربازی بۆ ئەمەریکا لێ دەکەوێتەوە و پەرلەمانیش پڕۆژەی دەستپێکردنەوەی هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکان تاوتوێ دەکات.

شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی رەهای دەنگ "100%ی دەنگەکان" یاسای سزادانی ئێرانیان بۆ ماوەی 10 ساڵیتر درێژ کردەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوە بە پێشێلکردنی ریکەوتنە ئەتۆمییەکە هەژمار دەکات.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی یەکەم/سێپتێمبەر سەید حەسەن فیروزئابادی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، ریبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپیکەوتنیکی تەلەڤزیۆنیدا لە کەناڵ 2ی ئێران کاردانەوەی توندی بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا نیشاندا.

فیروزئابادی رای گەیاند، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بەر لە پەسندکردنی یاسای سزادانی ئێران دەبوایە بیری لە تێچووە قوەرسەکەی ئەو بڕیارە بە هەموو رەهەندە سیاسی و نێودەوڵەتی و مادی و "سەربازی"یەکانی کردبایەوە.

زیاتر روونی کردەوە، پێشێلکردنی رێکەوتنە ئەتۆمییەکە خەساری یەکجار قورس بە ئەمەریکا دەگەیەنێت و پێویستە لەو تەنگژە داراییەی ئەمەریکا پیایدا تیدەپەڕێت، ئەنجوومەنی پیران خەرجی و کێشەی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە درووست نەکات.

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران لەبارەی پەسندکردنی سزادانەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دانیشتنی نائاسایی ئەنجامدا بڕیار دتا لە بەرامبەر ئەو کردارەئەنجوومەنی پیران بە خێرایی پڕۆژەیاسایەکی 5خاڵی بە مەبەستی پەشیمانکردنەوە ئەمەریکا لەو بڕیارە بخەنە دەنگدانەوە.

ئەو پڕۆژەیاسایە فەرمان بە بنکە ناوکییەکانی ئێران ندەکات دەست بە چالاککردنەو و پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ هەموو مەبەستەکانی سەربازی و مەدەنی بکەنەوە.

سەرباری رێکەوتنە ئەتۆمییەکەیان، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا یاسای سزادانی ئێرانی بۆ ماوەی 10 ساڵی تر درێژ کردەوە و کۆشکی سپیش رای دەگەیەنێت، لەوانەیە ئۆباما یاساکە ئیمزا نەکات و مافی ڤیتۆ بەکار بهێنیت.

شەوی پێنجشەم یەكی كانوونی یەكەم/دیسەمبەر، ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا یاسای سزادانی ئیرانی بە زۆرینەی دەنگ بۆ ماوەی 10 ساڵیتر درێژ کردەوە. ئەو پڕۆژەیە پێشتر بە تەنیا یەک دەنگی ناڕازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پەسند کرابو و دەبێ لەلایەن ئۆبامایشەوە ئیمزا بکرێت بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسی BBC ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی پیران بە 99 دەنگی بەڵێ یاساکەی پەسند کرد و هیچ دەنگێکی ناڕازی بۆ درێژکردنەوەی ئەو یاسایە بەدی نەکرا.

جۆش ئێرنست، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، تا ئێستە دیار نییە ئۆباما هاوشێوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران ئەو یاسایە واژو دەکات یان نا، بەڵام ئەو یاسایە تەنیا کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە سەرۆک ئیمزای لەسەر بکات.

رۆژی چوارشم 16ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە كۆی 419 دەنگی ئەرێنی و یەك دەنگی "نەخێر" یاسای سزاكانی ئێرانی لەو وڵاتەدا بۆ ماوەی 10 ساڵی تر درێژ كردەوە. ئەو یاسایە ساڵی 1996 بۆ سزادانی ئەو سەرمایەدارانە دانرا كە هاوكاری پڕۆژەی ناوكی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان كردووە.

سیناتۆر میچ مەك كەنڵ، سەرۆكی كۆماریخوازەكان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كە زۆرینەی ئەو ئەنجوومەنە پێك دەهێنن، رای گەیاند، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكایش هاوشێوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگ بە درێژكردنەوەی ئەو یاسایە دەدات بۆ ماوەی 10 ساڵ.

یاسای سزاكانی ئێران لە ئەمەریكا ئەگەر تا 31ی كانوونی یەكەم/دیسەمبەر درێژ نەكرێتەوە، ئەوا گرنگی یاسایی نامێنێت، مەك كەنڵ دووپاتی دەكاتەوە، بەر لەو رێكەوتە ئەنجوومەنی پیران یاساكە تاوتوێ دەكات و دەنگ بە درێژكردنەوەی دەدات بۆ 10 ساڵی داهاتوو.

پڕۆژە یاسای سزاكانی ئێران دەبێ سەرەتا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند بكرێت و دواتر لە ئەنجوومەنی پیران تاوتوێ بكرێت بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی و دواجار ببرێتە بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئەوەی ئیمزای بكات.

دیموكراتەكان پێیان وایە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنامەی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، ئیتر پێویست بە درێژكردنەوەی یاسایەكی لەو شێوەیە نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دیموكراتەكان لەناو ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكادا زۆرینەیان بەدەستە، توانییان بەسەر ئەو تێڕوانینەی دیموكراتەكاندا سەربكەون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی كۆماریخوازەكان یەك لە دژبەرە هەرە سەرسەختەكانی رێكەوتنی ناوكییەكەیە لەگەڵ ئێران و وەك خراپترین رێككەوتنەكانی مێژوو ناوی دەبات، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە باراك ئۆباما ئەو یاسایە ڤیتۆ بكات و درێژ بكرێتەوە بۆ كاتی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.

یاسای سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە ساڵی 1996 بەو ئامانجە پەسند كرا، كۆمپانیا گەورەكانی دنیا لە كەرتی نەوت و غازی ئێراندا وەبەرهێنان نەكەن و ساڵی 2006 بۆ جاری دووەم ئەو یاسایە پەسند كرایەوە، ئەو یاسایە دەستی وەزارەتی گەنجینە و دادگەكانی ئەمەریكا واڵا دەكات لەكاتی هەر سەرپێچی یان ملكەچنەبوونێكی ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەكان، بتوانن سزای بۆ دیاری بكەن.

سەرچاوە: فارسنیوز- عەسر ئیران-  دەنگی ئەمەریکا- BBC فارسی


وشە - هیدایه‌ت جان