گەشتیارانی عەرەب هۆشبەر دەهێننە كوردستان

:: PM:03:34:27/05/2018 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئایار/ مایۆ، لە بازگەی كەڵەوانان لە شاری سلێمانی لە ناو پاسێكی گەشتیاری دەست بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەردا گیرا كە لە ناو پاكەتی جگەرە شارابووەوە.

عەمید جەلال ئەمین بەڕێوەبەری بەشی مادەی هۆشبەر لە ئاسایشی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پاسە گەشتیاری بووە و لە كاتی پشكنین لە بازگەی كەڵەوانان لە سلێمانی بڕێك مادەی هۆشبەری تێدا دۆزراوەتەوە.

زیاتر گوتی، لە كاتی پشكنین لە ڕێی سەگەكانی بازگەكەوە توانراوە بڕە مادەیەكی هۆشبەر ئاشكرا بكەن كە لە ناو پاكەتی جگەرە شارابووەوە و خاوەنەكەی بەنیاز بووە بەو شێوەیە لە بازگەكەوە دەربازی بكات.

ئەو بڕە مادەیەی دەستی بەسەر گیراوە لە جۆری ڕووەكی شادانە و بڕەكەی 10 پارچە بووە دوو كەسیش بەو تۆمەتە گیراون بە ناوەكانی (س، ع، ك) و (س، ع، ر) و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سلێمانی لە ساڵی 2015 لە شاری سلێمانی هێزەكانیان توانیویانە 150 كەس بە تاوانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بگرن، لە ساڵی 2016 ژمارەی بەكارهێنەرەكانی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی 310 كەس بوون لەو ژمارەیەش 10 كەس لە ڕەگەزی مێ بوون.

هاوكات لە ماوەی ساڵی 2017 توانراوە 190 كەس بە تاوانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر بگیرێن.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم