چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ریكا چه‌ند نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى سه‌ركرده عێراقییه‌كان كردووه و له پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن هۆشدارى پێ داون.
چه‌ند سایت و رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئه‌مڕۆ باس له‌وه ده‌كه‌ن، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان نامه‌ى بۆ سه‌ركرده عێراقییه‌كان ناردووه و له نامه‌كاندا باسى له ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن كردووه.
له‌وانه سایتى
سۆمرییه نیوزى عێراق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ناوه‌ڕۆكى نامه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له باره‌ى پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانه، كه هه‌ندێك لایه‌ن له په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن.
له سایته‌كه هاتووه "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌ته سه‌ر هێڵ، ئه‌و لایه‌نانه‌ى ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه". ده‌ڵێ "واشنتن له دژى ئه‌م كۆششه هۆشدارى داوه، چونكه جۆرێك له ئاژاوه‌ى ته‌ناهى وسیاسى ترسناك دروست ده‌كات".
نزیكه‌ى 100 په‌رله‌مانتارێك چه‌ند جارێكه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنێك بكه‌ن و تێیدا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه، كه‌چى تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ئه‌م كاره بكه‌ن.
هه‌ر ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و پاڵپشتى هاوپه‌یمانى سائیروون هه‌مان هۆشدارى دایه لایه‌نه‌كان.