لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی هاوین جارێكی تر پچڕانی كارەبا لە سەرجەم پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەری هەڵدایەوە، ئەگەرچی لە شەش مانیگ رابردوو كەمێك جێگیری بەخۆیەوە دیبوو.
لەگەڵ كۆتاهاتنی هەفتەی یەكەمی مانگی رەمەزان كە دەكاتە كۆتاكانی مانگی ئایار، ژمارەی سەعاتەكانی بڕینی كارەبا 15 سەعاتی لە رۆژێكدا تێپەڕاند، ئەمەش نیگەرانی و تووڕەیی خەڵكی لێ كەوتەوە و جارێكی تر مشتومڕی هێنایەوە سەر ئەو پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا كە لە هەموو وەزارەتەكانی تر حكوومەتی عێراق پارەی بۆ تەرخان كراوە.
هەریەكە لە بەغدا و زیقار و میسان و بابل و بەسڕە لە دیارترین ئەو پارێزگایانەن كە گەرمایەكە زۆر كاریگەری لەسەریان داناوە، بەڵام لە شارەكانی تر رەوشەكە كەمێك باشترە.
ماوەی 14 ساڵە عێراقییەكان گیرۆدەی تەنگژەی كەمی كارەبایە، ئەمەش یەكێكە لە گەورەترین تەنگژە لەوەتەی شەڕی دژ بە عێراق لە 2003 و ئازادكردنی لە چنگی سەدام حوسێن، ئەگەرچی تا ئێستە 41 ملیار دۆلار لە سێكتەری كارەباش خەرج كراوە.
بەپێی وەسڵ و تۆماری فەرمی وەزارەتی كارەبا، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوو 41 ملیار دۆلار بەناوی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كراوە، مانەوەی رەوشی كابەرا بەو خراپییەی ئێستە باشترین بەڵگەیە كە وەزارەتی كارەبا یەكێكە لە گەندەڵترین وەزارەتەكانی حكوومەت.
لەسەر كەمبوونەوەی بڕی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان، محەمەد فەتحی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێ، هۆیەكە بۆ هەبوونی كێشە دەگەڕێتەوە لە هێڵی بۆڕی غازی هاوردەكراو لە ئێران بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، "دەستبەجێ كێشەكە چارەسەر كراوە و كارەباش وەك جاران دەدرێتەوە بە هاووڵاتییان".
زیاتر گوتی "كەمتەرخەمی هەبووە لە پاككردنەوە و+ چاككردنەوەی هێڵی بۆڕی غازی ئێران بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش هۆكاری كێشەكە بوو كە ئێستە كاری چاككردنەوەی لەسەر ئەنجام دەدرێت".
بەڵام چەند سەرچاوەیەك دەڵێن ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق راگرتووە بەهۆی ئەوەی وەزارەتی كارەبای عێراق پارەیەكی زۆر قەرزارە و نەیداوە بە ئێران، ئەمەش هۆكاری پچڕانی كارەبا بووە، بەڵام بڕینەكەی لە كاتێكی زۆر بەرزی پلەی گەرمی و لەناو مانگی رەمەزان بووە، بەمەش زیانێكی زۆر گەورەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دا.
ماجدە ئەلتەمیمی ئەندامی پەرلەمان لە لیژنەی دارایی دەڵێ، ئاستی بەرهەم گەیشتووە بە 10 هەزار و 900 مێگاوات، بەڵام عێراق پێویستی بە 10 مێگاواتی تر كارەبا هەیە. گوتی "بەهۆی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی لە گرێبەستەكانی وەبەرهێنان لە سێكتەری كارەبا بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی وزەیەكی زۆر و هاوئاهەنگیش لاوازە لە نێوان وەزارەتی كارەبا و نەوت".
محەمەد سەیهوود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای میسان دەڵێ، پێویستە حكوومەتی نوێ سەرقاڵی خزمەتگوزاری بێت نەك سیاسەت، لە پێشەوەی هەمووشیان كێشەی كارەبا. گوتی "حكوومەتەكانی رابردوو لە 2003 ەوە تا ئێستە، پارەیەكی زۆریان بۆ سێكتەری كارەبا تەرخان كرد، بەڵام وەزارەتی كارەبا هیچ خزمەتێكی وەها پێشكەش نەكرد شایانی باس بێت".
سەیهود كە قسەی بۆ "
عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژەی بە لێپرسینەوە لەگەڵ قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا كرد كە بێ ئەنجام كۆتای هات، گوتی "دەزانین كێشەكان چین و هۆكاری روودانیشی چییە، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەكانی وەزیر و پاسەوانەكانی و پشتگیری لێكردنی لەناو پەرلەمان نەتوانراوە بەرەنگاری ببینەوە". گوتی "یەكێك لەو گەندەڵییانە كڕینی غازی سروشتییە لە ئێران لە وەختێك عێراق غازی سروشتی زیاترە".
سەلیم شەوقی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، حكوومەتە خۆجێییەكان تۆمەتبار دەكات بە ئەنجام نەدانی چاودێری پڕۆژەكان و كێشەی كارەبا لە شارەكانیان، گوتی "خراپی ئیدارە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەت یەكێكە لە كارەساتە هەرە گەورەكان". زیاتر گوتی "جگە لەوان ئەوا حكوومەتی فیدڕاڵیش تێوەگلاوە لە كێشەكانی كارەبا و تا ئێستەش كارەبا هاوردە دەكات، ئەگەرچی ملیاران دۆلاری بۆ خەرج كراوە كە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد وێستگەی گەورەی پێشكەوتووی بەرهەمهێنانی كارەبامان بۆ دابین بكەن بۆ پڕكرنەوەی بۆشایی كەمی كارەبا نەك دوای 14 ساڵ هەمان تاس و هەمان حەمام، بگرە خراپتریش بێت".
پێوەند بەو پرسە چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەغدا هەڕەشەی مانگرتنیان كردووە بۆ چاككردنەوەی كێشەی كارەبا و بنەبڕكردنی.
بەسام تەمیمی چالاكی مەدەنی دەڵێ، بەغدا خراپترین خزمەتگوزاری كارەبای بەخۆیەوە دیوە كە ماوەی هەبوونی كارەبای نیشتمانی گەیشتووەتە تەنیا سێ سەعات لە 24 سەعاتدا، ئەمەش كارەساتە و هەزاران هاووڵاتی بەهۆیەوە دووچاری نەخۆشی دەبن.