شاندێكی ئەنەكەسە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا كۆ دەبێتەوە

:: PM:05:02:27/05/2018 ‌
بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ڕای گەیاند، شاندێكی ئەنەكەسە سەردانی رووسیا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆ دەبنەوە.

ئیبراهیم برۆ بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندێكی ئەنەكەسە 29ی ئەممانگە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ‌ كۆ دەبینەوە. روونی كردەوە كە لەو سەردانەدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گفتوگۆ لەبارەی دەستووری نوێی سووریا و چۆنییەتی دیاری كردنی مافی كورد لەو دەستوەرەدا دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەنەكەسە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا بۆچوونی خۆی لەسەر سووریا دەداتە ڕووسیا، چونكە ئەوان ڕۆڵی سەرەكیان لەبارەی دەستووری نوێی سووریا دەبێت.

دووپاتیشی كردەوە كە گرنگە مافەكانمان لە دەستوور دیاری بكرێت و داوای سووریایەكی فیدراڵی دەكەین، ئەگەر ئەمەیش نەكرێت پێویستە بە ڕوونی مافی كورد لە دەستووری نوێ دیاری بكرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بە سەرۆكایەتی سعوود مەلا سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و ئەندامییەتی كامەران حاجۆ و ئیبراهیم برۆ ئەندامانی ئەنجوومەن سەردانی رووسیا بكەن و وەك خۆشیان دەڵێن، دەیانەوێ‌ رووسیا شوێنی ئەوان لە سووریا جێگیر بكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم