گرەو لەسەر تێکدانی نێوانی سەدر و عەبادی دەكرێت

:: PM:06:04:27/05/2018 ‌


ململانێی نێوان جەمسەرەكان ئاشكرا دەبن و هەوڵی پەرتەوازەكردنی لیستەكەی عەبادیش دەدرێت، هاوكات هێرش دەكرێتە سەر حزبی شیوعی، هەموو ئەوانە جەمسەری ئێرانی پێ تۆمەتبار دەكرێت. لەولاشەوە سەدر سەردانی نەجەفی كردووە بۆ ئاگەداركردنەوەی سیستانی لەسەر دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت و لیستی گەورەی ناو پەرلەمان.

لە كاتێكدا رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە سەدر دەكات و هەڕەشەی دەستوەردانیش دەكات لەو ساختەكارییەی بەرانبەر بە "مافی پێكهاتەی توركمانی عێراق" كراوە، ئەوا پەرلەمان لە هەوڵی كۆبوونەوەیە بۆ دەركردنی یاسای رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و رەتكردنەوەی، یانیش دووبارە بە دەست ژماردنەوەی دەنگەكان لایەنی كەم بۆ 5%ی كۆی گشتی دەنگدەكان و رەتكردنەوەی دەنگدانی تایبەتی رەوەندی عێراقی، چاودێران پێان وایە ئامانج لەمانەدا گۆڕینی پارسەنگی هێزە بە جۆرێك كە سەدر و عەبادی نەتەوانن بەیەكەوە حكوومەتی نوێ پێك بێنن.

ئەوەی رووی دا هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی سێ رۆژی رابردوو كە سێ رۆژی پڕ كۆبوونەوەی و دانوستاندنی چڕ و پڕ بوو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كە سەرەتاكەی بە رێككەوتن دەبێت لەسەر لیستی گەورەی ناو پەرلەمان كە حكوومەتی نوێ دادەمەزرێنێت.

لەسەر ئەو پرسە ململانێیەكی ئێجگار توند كەوتووەتە نێوان سەدر و عەبادی لەلایەك لەگەڵ عامری و مالیكی، بەجۆرێك رەوشەكە تێكچووە و كاریگەری خستووەتە سەر دۆخی تەناهیش. هەرچی مالیكییە دەیەوێت گوشار بخاتە سەر حزبی فەزیڵە كە بەشێكە لە هاوپەیمانی سائروون، تەنانەت هەواڵی كشانەوەشی بڵاو كرایەوە، بەڵام دواتر رەت كرایەوە، هەموو هەوڵەكەش بۆ ئەوەیە مالیكی و عامری پیش سەدر و عەبادی 165 كورسی تەواو بكەن. هاوكات گرووپێكی چەكدار كە پێدەچێ سەر بە میلیشیاكانی حەشد بن هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی حزبی شیوعی.

لەسەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا لەلایەن هەمووو لایەنێكەوە بە گەرمی پێشوازی لێ كرا، ئەمەش بەشێك بوو لە هەوڵەكانی هەردوو جەمسەر بۆ راكێشانی سەرنجی لایەنی كوردی وەك پێكهاتەیەكی گرنگی عێراق.

مەسعوود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا دەڵێ هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە كورد بە یەكگرتووی دەچێتە بەغدا، بەتایبەت لەو كاتەی كە گفتوگۆكان رژد دەبن، زیاتر گوتی، "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هیچ نییە و هیچ جیاواز نییە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی پێشوو".

حەیدەر كە قسەی بۆ "شەرق ئەوسەت" كردووە، دەڵێ گرنگە لە حكوومەتی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنێكی ئەرێنی هەبێت تا پڕۆسەی سیاسی بكەوێتە سەر رێڕەوی خۆی، بەڵام هێشتا قسەكردن لە رژدی زووە، كوردیش وەك لایەنەكانی تری پێویستی بە خۆرێكخستنەوەی كارتەكانی خۆی هەیە بە تایبەت لەنێوان پارتی و یەكێتی.
 
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگەدار كە نەویست ناوەكەی بهێنرێت، ئاشكرای كرد كە هەریەكە لە حەیدەر عەبادی  سەرۆك وەزیرانی ئێستە، فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، قوسەی سوهێل سەركردەی پێشتری رەوتی سەدر و محەمەد سوودانی وەزیری پێشتری كاروباری كۆمەڵایەتی و سەركرد لە حزبی دەعوە. هاوكات عەلی دەوای پارێزگاری میسان لەسەر سائروون كاندیدە بكرێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئێستە ناوی جەعفەر سەدر دێت كە دەكاتە ئامۆزای موقتەدا و نەوەی محەمەد باقر سەدر كە سەدام حوسێن ساڵی 1980 لە سێدارەی دا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ساڵح حەسناوی وەزیری پێشتری تەندروستی، ئەویش كاندیدێكی بەهێزە بەتایبەت ئەگەر هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی عامری بتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی رابگەیەنێت.

هەر پێوەند بە ململانێی ئاشكرای نێوان هەردوو جەمسەرەكە، شەوی رابردوو دوو بۆمبی چێنراو بە بارەگای حزبی شیوعی تەقیەوە. جاسم حلفی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردەی دیاری رەوتی مەدەنی دەڵێ ئەوەی رووی دا هەوڵێكە لەلایەن گەندەڵكاران و شكستخواردووانە بۆ وەستاندنی پڕۆژەی چاكسازی و گۆڕانكاری بەتایبەت دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و سەركەوتنی هاوپەیمانی سائروون.

 زیاتر گوتی "ئەو هەوڵە و هەوڵەكانی پێشتریش هەمووی بۆ تێكدانی بارودۆخەكەیە بۆ رێگریكردن لە چاكسازی و گۆڕانكاری، چونكە ئەوەی ئێمە كاری لەسەر دەكەین گەندەڵەكان و تائیفەگەراكان كەیفیان پێی نایەت، چونكە ئێمە دۆسیەی گەورە گەندەڵەكان هەڵدەدەینەوە و خزمەتگوزاریش پێشكەش بە خەڵك دەكەین و پلانمان هەیە ئابووری هەمەڕەنگ بكەین نەك تەنیا نەوت، بنیادنانەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆیە هەموو ئەمانە دەكەونە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی نیشتمانی و گشتگیر كە هەموو لایەنەكان لەسەری كۆك بن".

جێی باسە موقتەدا سەدر سەردانی نەجەفی كردووە، بە گوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان بڕیارە لەگەڵ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق كۆببێتەوە و ئەنجامی كۆبوونەوەكانی چەند رۆژی رابردوو بۆ باس بكات و پاشان رێنمایی و پشتگیری لە سیستانی وەرگرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.




وشە - فه‌رمان سادق