یەكێتی جارێكی تر چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تەنیا كەناڵەكانی یەكێتی ئامادەی بوون ڕای گەیاند، هەوڵدەدەن بە یەكڕیزی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی تری هەرێم بچینە بەغدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئایار/ مایۆ، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبووەوە دوابەدوای كۆبوونەوەكە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا یەكێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق كۆببێتەوە و یەكێتیش كار بۆ یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان دەكات.
زیاتر گوتی، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا كە بەرنامەیەك بۆ چوار ساڵی داهاتووی عێراق ئامادە بكرێت و هەوڵبدەن بە یەكڕیزی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی تری هەرێم بچینە بەغدا.
پیرە گوتی، بڕیاردرا كە رۆژی سێشەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەڕێوە بچێت و لەو كۆبوونەوەیەدا كارو بەرنامەی چوار ساڵی ئایندەی یەكێتی ئامادە بكرێت .
بەرپرسەكەی یەكێتی ڕای گەیاند، هەوڵدەدەن پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت و لەناو كوردیشدا بۆ یەكێتی بێت، بۆیە یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان.
یەكێتی بڕیاربوو لەو كۆبوونەوەیەدا باسی كۆنگرەی داهاتووی حزبەكەی بكات، بەڵام پێناچێت ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر كرابێت بەپێی ئەوەی سەعدی ئەحمەد پیرە هیچ ئاماژەیەكی بۆ نەكرد.
وشە -
سهرخێڵ هاشم