فەرهاد پیرباڵ ئازاد دەكرێت

:: PM:08:30:27/05/2018 ‌
بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند، هەندێك رێككاری و پشكنین بۆ دۆخی فەرهاد پیرباڵ ماوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئازاد دەكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئایار/ مایۆ، لیوا عەبدولخاڵق تەلعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فەرهاد پیرباڵ بڕیاری ئازاد كردنی هەیە، بەڵام بەهۆی هەندێك ڕێككار و پشكنینی ترەوە ئازاد كردنەكەی چەند ڕۆژێك دوا دەكەوێت و دوای تەواو بوونی ئەو كارانە ڕاستەوخۆ ئازاد دەكرێت.

فەرهاد پیرباڵ لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ بەپێی مادەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی لەسەر داوای داواكاری گشتیی گیرا.

فەرهاد پیرباڵ لەماوەی ڕابردوودا چەندان جار هێرشی كردووەتە سەر بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران و هاوكات یەكەم جاری نییە كە دەگیرێت بە تۆمەتی جۆراو جۆر.

فەرهاد پیرباڵ، نووسەر، لێكۆڵەر و مامۆستای زانكۆ و خەڵكی باشووری كوردستانە. لە ساڵی 1961 لە هەولێر لە دایك بووە و زانكۆی سلێمانی خوێندنی تەواو كردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ڕیزی یەكێتیی نووسەرانی شاخەوە، هەر لە ناو یەكێتییەكە نووسەرانی شاخیش یەكەمین كتێبی چاپ كردووە كە شانۆنامەیەكە بە ناونیشانی "ماڵئاوایی وڵاتەكەم".

پیرباڵ مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی  1994 گەڕاوەتەوە كوردستان. بە هەفتەیەك دوای تەواوكردنی دكتۆراكەی لە زانكۆی سۆربۆن، لە بواری "مێژووی ئەدەبی نوێی كوردی"دا لە ساڵی1994 لە زانكۆی سەڵاحەدین دامەزراوە.

فەرهاد پیرباڵ تا ساڵی 2009 چل‌ و سێ كتێبی نووسیوە و بڵاو كردوەتەوە. سەرباری نووسنی دەیان وتار لە هەفتەنامەی "وشە".

دوایین وتاری فەرهاد پیرباڵ بە ناونیشانی " بۆچی دێ خۆم كاندید بكەم؟" بوو كە ماوەیەك بەر لە گیرانی لە "وشە" بڵاوی كردەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم