ئەڵمانیا.. پۆستەری خامنەیی و ریکلام بۆ جلی ژیرەوەی ژنان

:: PM:04:53:02/12/2016 ‌

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا پۆستەرێکی عەلی خامنەیی هەڵواسراوە و لە تەنیشتی پۆستەری خانمێکی شۆخ هەڵواسراوە ریکلام بۆ جلی ژێرەوەی ژنان دەکات.

ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی یەکەم/سێپتێمبەر ئاژانسی دویچەوێلەی ئەڵمانی راپۆرتێکی لەسەر هەڵواسینی پۆستەری عەلی خامنەیی لە شاری کۆڵن و فڕانکفۆرت بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژە دراوە، لەتەنیشت وێنەکەی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئیران رستەیە بەزمانی ئەڵمانی هەڵواسراوە کە هی عەلی خامنەییە و دەڵێ "لە رێگەی سەرچاوە سەرەکییەکانەوە ئیسلام بناسە، سەرچاوە سەرەکییەکان بریتین لە قورئان و سەرگوزەشتەی پێغەمبەری ئیسلام".

لە کۆتاییدا نووسراوە، بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی letter4u بکەن، بەڵام ئەو ماڵەپەڕە ئەگەر بە ".de" گەڕانی بۆ بکەیت هیچ شتیک نادۆزیتەوە و ئەگەریش بە پاشگری ".com" بۆی بگەڕێیت نووسراوە دۆمۆینی ئەو سایتە بۆ فرۆشتنە.

پۆستەرەکەی خامنەیی لە فرانکفۆرد لەتەنیشت پۆستەرێک هەڵواسراوە کە تیایدا خانمیکی نیمچەڕووت ریکلام بۆ جلی ژێرەوەی ژنان دەکات و ئەوەیش سەرنجی میدیاکانی بۆلای خۆی راکێشاوە.

ئاژانسی دویچەوێلە هەوڵی داوە لە رێگەی شارەوانی فرانکفۆردەوە ئاگادار بێت کە ئەو پۆستەرەی خامنەیی لەلایەن چ کەس و لایەنیکەوە داندراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنی هەڵواسینی پۆستەرەکە هی کۆمپانیایەکی تایبەت بووە، هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوتووە.

بەپێی ئاماری فەرمی حکومەتی ئەڵمانیا، چوار ملیۆن و 300 هەزار مسوڵمان لە ئەڵمانیا دەژین کە 500 هەزاریان شیعەی عەلەوی و 250 هەزاریان شیعەی ئیمامی "تورک و ئیرانی"ن.

سەرچاوە/ دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان