دەشنێ‌ هێرش دەكاتە سەر پێشكەشكارێك

:: PM:09:04:27/05/2018 ‌
هونەرمەندی كورد دەشنێ‌ موراد لە ڕێگەی واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینیستاگرام هێرشی كردە سەر پێشكەشكاری یەكێك لە كەناڵە كوردییەكان و چەندان قسەی پێ دەڵێت.

دەشنێ‌ لە واڵی تایبەتی خۆی ڤیدیۆییەكی بڵاو كردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی، ئەو خزمەتی پێشمەرگە و كاری خێرخوازی دەكات، بەڵام ئێوە هەر خەریكی كۆپی كردنی بەرنامەی كەناڵەكانی تر بن و بەدوای پارەوە بن.

هەرچەندە لە پۆستەكەی دەشنێ‌ ناوی هیچ كەسێكی نەهێناوە، بەڵام هەوادارانی بە كۆمێنت بۆیان نووسیوە ئەوە مەبەستی ئەڤین ئاسۆی پێشكەشكاری كەناڵی "نێت تی ڤی"یە بەتایبەت كە دوێنی لە بەرنامەیەكدا پرسیاری لە میوانەكانی كرد گوایە دەشنێ‌ ستایلی كام هونەرمەندی بیانی دووبارە دەكاتەوە، ئەوەیش دەشنێی تووڕە كردووە.

دەشنێ موڕاد، لە یەكی كانوونی دووەمی ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە،  پێشكەشكار و گۆرانیبێژ و مۆدێلێكی ناسراوی كوردە. بۆ یەكەم جار لە بەرنامەی بێ كۆنترۆڵی كوردستان تیڤیدا بە ڕەسمی لە بواری ڕاگەیاندندا دەركەوت و گۆرانی "هێلا هۆپ" سەرەتای كاری هونەریی بوو.

هاوكات ئەڤین ئاسۆ لەدایكبووی ساڵی 1986ە و كچە پێشكەشكارێكی كوردە، پێشكەشكاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ئەڤین ژن و ژیانە. لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایكبووە، یەكەمین ئەزموونی پێشكەشكردنی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی «پارێزگاران»ی پارتی پارێزگارانی كوردستانەوە دەست پێ كرد، پاشان چووەتە ڕادیۆی نەوا و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك پێشكەشكاری سەرەكیی بەرنامەی «سروەی نەوا» و بەرپرسی هاماهەنگیی بەرنامەكانی ئەو ڕادیۆیە بوو، دواتر دەچێتە كۆمپانیای ئارت، لە ڕێی كارەكانی ئەو كۆمپانیایە و دواتریش كەناڵ ٤ و بەرنامەكەی «ئەڤین ژن و ژیان»ەوە ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم