ئێران هەڕەشە لە خۆپێشاندەران و لە ئەمەریكا دەكات

:: PM:09:10:27/05/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران هەڕەشەی سەركوتكردنی هەر خۆپێشاندانێكی ناڕەزایی لەدژی رژێمی ئێران كرد كە بەشێكە لەو جەنگە دەروونییەی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران دەیكات، لەو كاتەی راوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند كە دەبێت ئەمەریكا لە خاكی سووریا بچێتە دەرەوە.

لە دوای 12ی ئەم مانگە زمانی هەڕەشەی ئەمەریكا و ئێران لە بەرانبەر یەكتر لە پەرەسەندندایە كاتێك دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن راگەیاند.

ماڵپەڕی "میزان ئونلاین"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری لە غولام حوسێن موحسنی، گوتەبێژ بەناوی دەزگاكەی گواستەوە كە دامەزراوە دادوەری و تەناهییەكان بەهەموو توانایەكیان رووبەڕووی هەر گرووپێك یان تاكێك دەبنەوە كە بیەوێت ئاسایشی ئێران بشێوێنێت، روونی كردەوە نانەوەی پشێوی بەشێكە لەو جەنگە دەروونییەی ئەمەریكا لەدژی ئێران دەیكات.  

بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری ئێران و دابەزینی بەهای دراو و كەمی هەلی كار بەم دواییە ناڕەزایی فرەوان شار و شارۆكەكانی ئێرانی گرتەوە كە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتە سەركوت كرا، هاوكات حكوومەتی ئێران ئەمەریكا و سعوودیە و نەیارانی خۆی بە هاندانی خۆپێشاندانەكان تۆمەتبار دەكات.

لەلایەكی تر ئەمڕۆ حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند كە پێویستە دوای سەركەوتن بەسەر داعش هێزە بیانییەكان كە لەسەر خاكی سووریا هەن لەو وڵاتە بچنە دەرەوە وەك رێخۆشكردنێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ئەو راوێژكارە ئاماژەی كرد كە ئەمەریكا و بەشێك لە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە لەوانەش ئیسرائیل و سعوودیە هەوڵی شێواندنی سەقامگیری ئاسایشی ناوچەكە دەدەن لە رێگەی پاڵپشتیكردنی تیرۆرەوە و كاتی ئەوە هاتووە كە هێزە بیانییەكان خاكی سووریا جێ بێڵن لەوانە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ئەوەی بوار بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادانە لەو وڵاتە برەخسێت. هاوكات راوێژكارانی ئێران لەوێ دەمێننەوە بۆ نەهێشتنی تیرۆر و تا ئەو كاتەی حكوومەتی سووریا پێویستی بەوان هەیە.

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل