شاندی كوردی بە سێ سیناریۆ لە بەغداوە دەگەڕێنەوە

:: PM:10:18:27/05/2018 ‌

هەردوو شاندی كوردی كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ بەغدا هێنا و بەسێ پێشنیاز لەبارەی بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتووی عێراق بۆ كوردستان گەڕانەوە.

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا بوون، رۆژی هەینی ئێوارە خوانیان لە ماڵی هادی عامری بە ئامادەبوونی نووری مالیكی خوارد و شەوەكەی گەڕانەوە كوردستان.

لەو سێ رۆژەی لە بەغدا بوون دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییە براوەكان هەبووە، لە هەردوو جەمسەری مالیكی و عامری- سەدر و عەبادی، كە هەردوو جەمسەر رۆژ دوای رۆژ شەڕ و ململانێكانیان ئاشكراتر دەبێت. بەڵام لەم سەردانەدا هیچ كام لە شاندی پارتی و یەكێتی بڕیاریان نەداوە دەنگەكانی خۆیان دەخەنە پاڵ كام لیست بۆ پێكهێنانی لیستی گەوەرەی پەرلەمانی.

ئەندامانی شاندە كوردییەكە و سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح كۆك بوون لەسەر لە گفتوگۆكاندا نەچوونەتە سەر پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی، بەڵكو قسەیان لەسەر هەڵبژاردن كردووە.

پارتی و یەكێتی لە كوردستانەوە بە دووشاندی جیاواز چوونە بەغدا و تەواوی دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەجیاواز ئەنجام داوە كە چاودێران كۆكن لەسەر كۆی گفتوگۆكان لەسەر سێ سیناریۆ بووە، ئەوانیش راسپاردنی نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، یانیش متمانە دانەوە بە عەبادی، یانیش هەڵبژاردنی كەسێكی تر لە دەرەوەی حزبی دەعوە بۆ سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو.

چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی كورتی داهاتوودا پارتی و یەكێتی ئەو سێ سیناریۆیە لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستانی تاوتوێ بكەن و پاشان بڕیار لەسەر یەكێكیان بدەن بە یەكدەنگی.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا بۆ "مەدا" دەڵێ لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا لە بەغدا شاندی پارتی لەگەڵ هەموو لایەنە براوەكان قسەی كردووە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی، بەڵام گفتوگۆكان ناڕوون بوون.

زیاتر گوتی، "لەیەكەم خولی گفتوگۆكاندا قسە لەسەر سێ سیناریۆ كرا، یان راسپاردنی مالیكی بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمان یانیش مانەوەی عەبای لە جێگەی خۆی، یان هەڵبژاردنی كەسێكی تر لە دەرەوەی حزبی دەعوە".

زیاتر گوتی، "هێزە سیاسییەكان گفتوگۆ لەسەر ئەو سێ سیناریۆیە دەكەن، هیوادارین لەسەر یەكێكیان بگەین بە رێككەوتن لە خولی دووەمی گفتوگۆكاندا كە بەم نزیكانە دەست پێ دەكات".
 
لەبارەی ئێوارە خوانەكەی مالی عامریش، روونی كردەوە كە ئەوە تەنیا نان خواردنێك بووە، بەهیچ شێوەیەك باسی پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمان نەكراوە، بەڵكو زیاتر باسی كێشەكانی هەڵبژاردن و كەموكوڕییەكانی كرا.
 
هاوكات موقتەدا سەدر پێشنیازی ئەوەی كردبوو كە لیژنەیەك لە كەسانی ئەكادیمی و تەكنۆكڕات پێك بهێنرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران, بەڵام ئەو پێشنیازەی سەدر لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسییەكان رەتكراوەتەوە بەو پێەی حكوومەت حزب دروستی دەكات نەك كەسە سەربەخۆكان.

پەرلەمانتارێكی پێشتری كورد دەڵێ كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراو لەنێوان لایەنە كوردییان بەتایبەت پارتی و یەكێتی ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانین چیمان دەوێت و دەمانەوێت چۆن بەشداری لە نووسینەوەی بەرنامەی حكوومەتی نوێ بكەین و داواكارییەكانی خۆمان چین و چۆن چۆنی رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دوای گەیشتنەوەی بۆ سلێمانی رای گەیاند سەردانی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا لەپێناو تێگەیشتن بوو لە بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.

 مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە دا كە نایانەوێت لایەنە كوردییەكان بایكۆتی پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی عێراقی بكەن وەك ئاماژەیەك بۆ شەش لایەنەكە كە یەكێك لە بژاردەكانیان بایكۆتە.
گوتی "پارتی و یەكێتی پڕۆژەی ئەوەیان هەیە بەیەك لیست بەشداری بكەن".

كەریم نووری ئەندامی هاوپەیمانی فەتح دەڵێ كۆبوونەوەی هەردوو حزبە كوردییەكە لەگەڵ مالیكی و عامری ئاسایی بووە و باسی پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمان نەكراوە.

زیاتر گوتی، "پێكهێنانی لیستی زۆرینەی پەرلەمان ئەمجارە تەنیا بەدەستی شیعەكان نییە، بەڵكو لایەنی تریش دەبێت بەشدار بن تێیدا، تەنانەت فەتح هێندە دوور نییە لە بۆچوون و ئاراستەی هاوپەیمانی سائروون كە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت دەدات".

نووری روونی دەكاتەوە، "پێویستە هەموو لایەنە براوەكان بەشداری لە حكوومەتی داهاتوو بكەن، پێدەچێ خولی دووەمی گفتوگۆكان لەنێوان لایەنە كەمێك بۆچوون جیاوازەكان بێت، رەنگە كۆبوونەوەكانیشی بۆ زۆرێك لە پرسەكان یەكلاكەرەوە بێت".

بەڵام عەبدولئیلا نائیلی، پەرلەمانتاری لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێ كۆبوونەوەی مالیكی لەگەڵ دوو هێزە كوردییەكە تێیدا باسی پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمان كراوە، گوتی "كوردەكان هیچ مەرجیان لەسەر دەوڵەتی یاسا و فەتح نەبوو".

 زیاتر روونی كردەوە كە هەردوولا لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەبوو، گفتوگۆكانیش بەردەوامیان دەبێت، گوتی، "كات لەبەردەممان ماوە بۆ ئەوەی پرسەكان یەكلایی بكەینەوە".

سەرچاوە/ مەدا




وشە - فه‌رمان سادق