گوتەبێژی سەدر: مالیكی بەرپرسە لە كارەساتەكانی عێراق و قبوولی ناكەین

:: PM:10:55:27/05/2018 ‌

ماڵپەڕی (ئێن پی ئار)ی ئەمەریكایی لە راپۆرتێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دوو حەفتە هەیە و هاوپەیمانیەتییەكەی سەدر پابەندە بە پێكهێنانی ئەو حكوومەتە، سەڵاح عوبێدی گوتەبێژ بەناوی موقتەدا سەدر ئاماژە دەكات كە نووری مالیكی بەرپرسە لە زۆرێك لە كارەساتەكانی عێراق، بۆیە زەحمەتە قبوولی بكەین.  

زیاتر گوتی، عێراقییەكان تەواو بێزاربوون لە سیاسەتوانانی كۆن و سیستەمی نوێ و دەموچاوی نوێ و شێوازی نوێیان دەوێت، ئێمەش هەوڵی پێكهێنانی جۆرێكی نوێی حكوومەت دەدەین و هێڵە گشتییەكانی لەگەڵ هێزەكانی تر باس دەكەین.

زیاتر گوتی، پێشتر حكوومەتەكانی عێراق سەرۆك وەزیران و وەزیرانیان لە كەسانی حزبی و لەسەر بنەمای پشكپشكانێ دانا، بەڵام بۆ ئێستە پێویستە سەرەتا رێككەوتن لەسەر پڕۆگرامی چاكسازی و كەسایەتییەكانی ناو كابینەی ویزاری بكرێت.


گوتەبێژی سەدر رای گەیاند كە نووری مالیكی بەرپرسە لە زۆرێك لەو كارەساتانەی بەسەر عێراقدا هاتووە، بۆیە زەحمەتە قبوولی بكەین، بەڵام دەرگە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ فەتح و هاوپەیمانیەتییەكەی مالیكیش كراوەیە ئەگەر بە پڕۆگرامی چاكسازی حكوومەت رازی بن. 

عوبێدی پێشبینی كرد كە پێكهێنانی گەورەترین بارستە و كورسی پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەناو پەرلەمان دوو هەفتە بخایەنێت كە لە پێكهێنانی حكوومەتەكانی پێشوو شەش مانگی خایاندووە.

گوتەبێژی سەدر ئاشكرای كرد كە سەدر هیڵێكی لەبەردەم كۆبوونەوە لەگەڵ نێردراوەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا داناوە، چونكە تا ئێستاش پێی وایە كە زۆر كێشە لەپێش ئەو هەنگاوە هەن، بەڵام سەدر پێشتر رێككەوتننەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و هێزەكانی لە عێراق هەبوون رەتی نەكردنەوە.

عوبێدی ئاماژەی كرد كە سەدر دژی دەستوەردانی ئێرانە لە كاروباری عێراق و قاسم سلێمانیش لە هەوڵەكانی بۆ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی ناوەستێت و پێویستە عێراقییەكان ئەو كارە بكەن و بیوەستێنن، سەدر دژی ئەو كارانەیە، واتە دەستوەردانەكانی ئەمەریكا و ئێرانیش لە كاروباری عێراق.


سەرچاوە/ بەغداد نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل