پەیكەری گەورە هونەرمەندێكی هەورامان دەشێوێندرێت

:: AM:12:08:28/05/2018 ‌

دوێنێ شەو پەیكەری هونەرمەندی ناوداری كوردستان عوسمان هەورامی لە شارەدێی بیارە دەستكاری دەكرێت و وەك سووكایەتییەك بە پەیكەرەكە بە بۆیاخ دەشێوێندرێت و ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی دەڤەرەكە و ناوەندە هونەری و رۆشنبیرییەكانی لێ دەكەوێتەوە.

لەو بارەوە پەروێز نیازی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، هونەرمەندان ناسنامەی پاراستنی كولتووری گەلن و پێش سنوور ئاڵا و زمان، بۆیە بێڕێزی بەرانبەریان، بێرێزییە لەبەرانبەر شكۆ و بەهای نەتەوە.

زیاتر گوتی، هەر لەم سۆنگەیەوە دڵگرانی خۆمان بەرامبەر ئەم كارە نەشیاوە دەردەبڕین بەرانبەر بە پەیكەری هونەرمەند مامۆستا عوسمان هەورامی كراوە و داواكارین لایەنی بەرپرسی ئیداری ناوچەكە هەڵبستێت بە ئەركی سەرشانی و تاوانبار بگرێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناو و بەهیچ پاساوێك نەتوانێت بێڕێزی بەرانبەر سیمبولەكانی نیشتیمان بكات.

لای خۆیەوە حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە "وشە"ی گوت، بەداخەوە دوێنێ شەو دەستێكی ناشیرین بەشێوەیەكی ناشیرین بۆیاخی دەموچاوی پەیكەری هونەرمەندی گەورەی هەورامان مامۆستا عوسمان هەورامی كردووە كە مامۆستا مایەی شانازییە بۆ هەورامان و كوردستان.

زیاتر گوتی، پاش ئاگەداركردنەوەم لەم كارە ناشیرینە، دەستبەجێ فەرمانم كرد بە شارەوانی بیارە كە پەیكەرەكە پەردەی لەسەر دابنرێت و پاشان بنكەی پۆلیس و ئاسایشی بیارەم ڕاسپارد بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارە تا ئەنجامدەری ئەو كارە بدۆزینەوە.
 
بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە دووپاتی كردەوە كە پاش دۆزینەوەی ئەنجامدەری ئەو كارە ناشیرینە ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە و دەیدەینە دادگا.

هەورامان/ شەفیق بانی شاری 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل