یەكێتی دەست بە دوورخستنەوە و نانبڕینی لایەنگرانی بەرهەم ساڵح دەكات

:: AM:10:04:29/05/2018 ‌
دكتۆر بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای ئەوەی لەو حزبە جیا بووەوە و لە هەڵبژاردنی رابردوو هاوپەیمانی پێكهێنا و دوو كورسیی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر كرد. ئێستە یەكێتیی دەستی بە سەپاندنی سزای سیاسی بەسەر ئەو كەسانەدا كردووە كە شوێن دكتۆر بەرهەم كەوتوون، سزایەك كە ماوەی 10 ساڵ بوو بەسەر شوێنكەوتووانی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەسەپێنرا.

هونەر عەلی كارمەندی هاتوچۆی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات كە بەهۆی ئەوەی لایەنگر و هاودیدی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسییە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیانەوە فەرمانی گواستنەوەی لە شارۆكەی كەلارەوە بۆ شارۆكەی خانەقین دەركردووە.
هونەر ئاماژە بەوە دەكات كە "وەك كارمەندی هاتوچۆ بەسەرما و بەگەرما كاری خۆم بەشێوەیەكی زۆر باش راپەڕاندووە و هیچ كەمتەرخەمییەكم نەبووە، سەرباری ئەوە چەندان جار سوپاس و پێزانینم بۆ هاتووەتەوە و دەستخۆشیم لێ كراوە، بۆیە لەوە دڵنیام هۆی گواستنەوەم، سزای سیاسییە." بەڵام نەقیب كارزان مەجید بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدا كە لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، ئەفسەر هەیە بەپلەی رائید بە ئاشكرا دەڵێ سەربە لیستەكەی بەرهەم ساڵحم.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، ئەركی ئەوان پاراستنی خەڵكە، بەدەر لەوە بەهیچ جۆرێك كەسیان لەسەر بیروباوەڕی سیاسی سزا نەداوە یا كەسیان نەگواستووەتەوە.
نەقیب كارزان مەجید ئەوەیشی ئاشكرا كرد، هاتوچۆی گەرمیان بەرنامەی خۆی جێبەجێ دەكات بەگواستنەوەی كارمەندێك بۆ شوێنێكی تر. بەڵام هونەر عەلی دووپاتی دەكاتەوە، بەرنامەی هاتوچۆ بۆ گواستنەوەی كارمەند ماوەیەكی زۆرە كاری پێ ناكرێ.
تەنانەت لەبارەی ئەو ئەفسەرەی پلەی رائیدە لە هاتوچۆی گەرمیان، هونەر دووپاتی دەكاتەوە كە "بە جۆرێك لە جۆرەكان دەسەڵاتی كەم كراوەتەوە".
لە بەرانبەردا سەلام فەتاح ئەندامی ئەنجوومەنی دەڤەری گەرمیانی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی، بۆ "وشە" سەرباری شەرمەزاركردنی ئەم جۆرە سزا سیاسییە، گوتی، ئەوانەی ئەو جۆرە سیاسەتە پێڕەو دەكەن، نیشانەی ترسنۆكی و بێدەسەڵاتییانە.
فەتاح ئەوەیشی خستە ڕوو كە تا ئێستە هەنگاوی كردارییان نەناوە بۆ ئەوەی هاودیدەكانیان بپارێزن، بەڵام پێداگری كرد لەوەی "كار دەكەین بۆ گرتنەبەری رێی یاسایی و ئەگەر لەرێی یاسای كارگێڕییەوە هیچمان پێ نەكرا، رێی یاسای سەربازی دەگرینە بەر بۆ داكۆكیكردن لە هاودیدەكانیان".
خەڵكی گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستانیش بەتایبەت رۆژنامەنووس و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی، ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ پرسی سزای سیاسیی و نانبڕیندا هەیە، بەتایبەت پاش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 كە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سزاكان پێڕەو دەكرێ.
ئازاد عوسمان یەكێك لە رۆژنامەنووسە دیارەكانی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە هەرگیز نابێ كاری حزبی و حكوومی ئاوێتەی یەك بكرێن، هەر كەسێك بۆ خۆی هەڵگری بیروباوەڕێك بێت و دەنگ بە لایەنێك بدات كە خۆی بڕوای پێیەتی، نابێ سزا بدرێت چونكە ئەوە پێشێلكردنی مافی مرۆڤە.
بەگوتەی ئازاد، ئەزموونی رابردوو هەیە ئەم جۆرە كارە تۆی رقوكینە دروست دەكات و سوودی نابێ، بۆیە دووپاتی دەكاتەوە "جۆرێكە لە ناتێگەیشتوویی ئەگەر هەر هێزێك بیەوێت بەم شێوەیە خەڵك لە بیروباوەڕی خۆی سارد بكاتەوە".
هەردی محەمەد چالاكی مەدەنی بۆ "وشە" پێداگری لەسەر ئەوە كرد، بەردەوامیی سزای سیاسی، نانبڕینی بەدوادا دێت، چونكە لە سەروبەندی سەرهەڵدانی گۆڕاندا وەك بزووتنەوەیەكی سیاسی سەرەتا سزای گواستنەوە پێڕەو كرا و دواتریش كار گەیشتە نانبڕین.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" ماوەی دوو رۆژە دوو كارمەندی هاتوچۆی گەرمیان بە فەرمی لە شارۆكەی خانەقین دەوام دەكەن، لە كاتێكدا پێشتر لە كەلار ئەركیان رادەپەڕاند، ئەوەش لە كاتێكدایە هەردووكیان بە هاودیدی لیستەكەی بەرهەم ساڵح ناسراون.

وشە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی





وشە - تایبه‌ت