پزیشكێكی پسپۆڕ هۆشداری دەدات لە بەڕۆژووبوونی منداڵان

:: AM:09:24:30/05/2018 ‌

لە كوردستان زۆر جار منداڵەكان لە ژێر كاریگەریی گەورەكان بەڕۆژوو دەبن یان ناچار دەكرێن بەڕۆژوو بن، بەڵام پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان هۆشداری دەدات و دەڵێت بەڕۆژووبوونی منداڵ زیانی گەورەی بۆ تەندروستی هەیە و داوا دەكات رێ نەدرێت منداڵان بەڕۆژوو بن.

دكتۆر محەمەد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بۆ "وشە" گوتی، توانا و بەرگریی منداڵ سنووردارە و ناتوانێت ماوەیەكی درێژ بەبێ ئاو و خۆراك بمێنێتەوە، هەروەها لەڕووی دەروونیشەوە تووشی بارێكی ناتەندروستی دەكات، بۆیە هۆشیاری دەداتە دایك و باوكان كە ڕێ نەدەن منداڵەكانیان بەڕۆژوو ببن چونكە كاریگەری تەندروستی خراپ لەسەریان هەیە.
تەمەنی منداڵی كاتێكی دیاریكراو و هەستیاری ژیانە كە بەردەوام پێویستی بەچاودێریی وردی سەرپەرشتیار یان باوان هەیە. مانگی رەمەزانی پیرۆز ئەگەرچی هۆكاریكە بۆ قەدەغەبوونی گەورەكان لە خواردن و خواردنەوە، بەڵام بۆ منداڵ لەوانەیە تەواو پێچەوانە بێت. پزیشكەكە دەڵێت ئەوەی گرنگە لە مانگی ڕەمەزان بۆ منداڵ بكرێت، لە چەند خاڵێك دەیخەینە ڕوو بۆ ئەوەی هەم منداڵەكە كاریگەری خراپی لەسەر دروست نەبێت، هەم دایك و باوكیش تووشی هەندێ شتی نادروست بەرانبەر منداڵەكەیان نەبن.
١-منداڵ جیا لە گەورە توانای بەرگرتنی برسێتی و تینوویەتی سنووردارە و ناتوانێت ماوەیەكی درێژ بێ خۆراك و بمێنێتەوە بێ ئەوەی گرەنتی بۆ دروست ببێت، لەبەرئەوە نابێت زۆر لەو منداڵانە بكرێ كە بچووكن یان توانای جەستەیییان لاوازە بەرۆژوو ببن. 
٢-ئەو منداڵانەی كە نەخۆشن یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، نابێ رۆژوو بگرن، چونكە ڕاستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر پێكهاتەكانی لەش و بەرگری و تووشی گرفتی گەورەتر دەبن.
٣-لە ئاینی ئیسلام لە سەرووی تەمەنی 10 ساڵی منداڵ هان دەدرێت بەڕۆژوو بن، بەمەرجێك منداڵ هیچ گرفتێكی جەستەیی و گەشەكردن و لاوازیی لەش و نەخۆشی نەبێت، لە كاتی دەركەوتنی هەر نیشانەیەكی لاوازی بێ توانایی و وشكبوونەوە، پێویستە ڕۆژووەكەی درێژە پێ نەدات. 
٤- ئەو منداڵانەی كە بێتوانان و هێزی ڕۆژووگرتنیان نییە، نابێ لە ڕێی پێدانی دیاری یا پارە و شتی تر هان بدرێن و درێژە بە ڕۆژووەكەیان بدەن كە لەوانەیە لەبەر ئەم شتانە منداڵەكە بێتوانایی بشارێتەوە و گرفتی گەورەی بۆ دروست بكات كە بەداخەوە هەندێ لە دایك و باوكان ئەم ڕێیە یان ترساندن بەكار دێنن بۆ بەڕۆژووبوونی منداڵ.
٥-لە ڕەمەزاندا زۆر جار بەهۆی بەڕۆژووبوونی دایك و باوكان لە ئەنجامی درەنگ لەخەو هەستان یان ئامادە نەكردنی ژەمی نیوەڕۆیان، منداڵەكان لەڕووی خۆراكەوە فەرامۆش دەكرێن كە ئەمە یەكێكە لەو سزایانەی ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە بە درێژایی مانگێك، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ تێكچوونی باری تەندروستی و دەروونی منداڵیش، چونكە هەست بە كەمی گرنگی پێدانی تایبەت دەكات لەلایەن خێزانەكەی، یان زۆرجار ناچار دەبێت منداڵ یان مێرمنداڵ درۆ لەگەڵ ماڵەوە بكات و بڵێت بەڕۆژووە، كە ئەمە بە خراپترین و مەترسیدارترین خوو دادەنرێت لە منداڵاندا.
٦-هەوڵدان بۆ دڵخۆشكردنی منداڵ و ڕەنگنەدانەوەی شەكەتی و برسێتی دایك و باوك لای منداڵ. خۆپاراستن لە تووڕەبوون و هەڵچوون بەرانبەر بە منداڵ كە ئەمە خراپترین كاریگەری لەسەر دەروونی منداڵ دروست دەكات و هەست بە بێزاری تەواو دەكات لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دایك و باوكان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن كە بەهۆی بەڕۆژووبوونیان ماندوو و برسی و تینوو دەبن، كۆنتڕۆڵی باردۆخی خۆیان بكەن لە بەردەم منداڵەكانیان تووڕەبوونیان دەرنەبڕن.
 ٧-ئەو دایكانەی كە شیر بە منداڵەكانیان دەدەن، پێویستە زۆر بەوریایی مامەڵە لەگەڵ كۆرپەكانیان بكەن، نابێ بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە گرەنتی خۆراك بۆ منداڵاكانیان دروست بكەن ئەگەر لەرووی ئاینییەوە ڕێپێدراو بن، پێویستە لەبەر خاتری شیرپێدانی منداڵەكەیان ڕۆژووەكەیان نەگرن و گرنگی بە منداڵەكەیان بدەن، چونكە دەبێت وریای ئەوە بن كە منداڵ لە تەمەنی سەرەتاییدا بناغەی كەسێكی كامڵ دادەنێت، ئەگەر لە سەرەتاوە بە گەشەیەكی باش و دەروونێكی كامڵەوە ڕانەهێنرێت، دواتر لە گەورەبووندا تووشی چەندان گرفتی دەروونی و تەندروستی دەبێت كە چارەسەریان ئاسان نابێت.




وشە - تایبه‌ت