كاریگه‌رییه‌كانی ڕۆژوو بۆ نه‌خۆشییه‌كانی قورگ و لووت و گوێ

:: PM:04:45:30/05/2018 ‌

لووت، قورگ و گوێ ئه‌و سێ ئه‌ندامه‌ی جه‌سته‌ن كه‌ به‌ چه‌ندان جۆری جیاواز رووبه‌ڕووی نه‌خۆشیی كورت و درێژخایه‌ن ده‌بنه‌وه‌، چاره‌سه‌ره‌كانیشیان به‌ پێی جۆری نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، له‌ هه‌ندێكیاندا ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌رمان بخورێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری بۆ ڕۆژووگران هه‌یه‌ و ده‌بێت ئاگاداری بن.

"د.ئاراس عادل عه‌زیز" پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی قورگ، لووت و گوێ، له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڕۆژووگرتنی نه‌خۆشانی قورگ، لووت و گوێ، چه‌ند ڕێنوێنیی و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ "وشه‌" دا كه‌ وا ده‌كه‌ن نه‌خۆشه‌كانیش پابه‌ند بن به‌ ڕۆژووه‌كانیانه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی به‌سه‌ر ته‌ندروستییاندا بێت.

كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی ڕۆژووگرتنی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ئه‌مانه‌ن:
_ یارمه‌تی جگه‌ره‌كێشه‌كان ده‌دات ته‌ركی جگه‌ره‌كێشان بكه‌ن، كه‌سی كه‌سانی جگه‌ره‌كێش به‌رده‌وام كێشه‌یان له‌ قورگیاندا بۆ دروست ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێك له‌به‌ر ڕۆژووه‌كه‌یان له‌ ڕۆژدا جگه‌ره‌ ناكێشن و شه‌وانیش كات و تاقه‌تیان بۆ زۆر نییه‌، ده‌توانن له‌ كۆتای مانگدا ته‌ركی جگه‌ره‌كێشان بكه‌ن و قورگیان به‌ره‌و ته‌ندروستییه‌كی باشتر ببه‌ن.

_ ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وكردنی دڕێژخایه‌نی قورگیان هه‌یه‌ و گرفتی قورگ خوران و ئه‌ستوورییان هه‌یه‌، له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌كرێت كاریگه‌ری ڕۆژوو له‌سه‌ریان ئه‌رێنی بێت، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ڕۆژوویه‌كی ته‌ندروست بگرن،  خۆیان له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی خراپ به‌دوور بگرن "خواردنی سووره‌وه‌كراو و چه‌ور، خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان" چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵكشان و هه‌ڵچوون و زیادبوونی ترشه‌ڵۆكی گه‌ده‌ كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ری.

_ئه‌و كه‌سانه‌ی گرفتی هه‌ستیاری لووتیان هه‌یه‌، زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن به‌ڕٶژوو ببن، به‌ مه‌رجێك ئه‌و ده‌رمان و سپرایه‌ی به‌كاری ده‌هێنن له‌ ڕٶژدا نه‌بێت به‌ڵكو شه‌وانه‌ به‌كاری بهێنن، له‌كاتی ڕۆژوو شكاندنیشدا شله‌مه‌نی زۆر بخۆن و تا تووشی وشكبوونه‌وه‌ی لینجه‌ په‌رده‌ی لووتیان نه‌بن.

_ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی خوێن به‌ربوونی لووت ده‌بن، كاتێك ڕۆژووه‌وانێك تووشی گرفتی خوێن به‌ربوونی لووت ده‌بێت یا خوێن به‌ربوونه‌كه‌ی زۆره‌، یان تووشی له‌ خۆچوون ده‌بن، پێویسته‌ به‌زووترین كات ڕۆژووه‌كانیان بشكێنن.

د. ئاراس گوتی، ئێمه‌ وه‌ك پزیشك ڕێنوینیی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نابێت له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بن، "ئه‌وانه‌ی تووشی گرفت و هه‌وكردنی هه‌نووكه‌ی قوڕگ یان گوێی ده‌ره‌وه‌ یان  ناوه‌ند ده‌بن، پله‌ی گه‌رمییان زۆر به‌رز ده‌بێت،  پێویسته‌ ئه‌نتی بایۆتیك له‌كاتی خۆی وه‌ربگرن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی گرفتی سه‌رسووڕانیان هه‌یه‌، ده‌بێت له‌كاتی خۆی ده‌رمان وه‌ربگرن، بۆیه‌ ده‌بێت له‌كاتی خۆی ده‌رمانه‌كانی به‌كار بهێنێت".

وشه‌/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان.


وشە - ڕێناس شابان