كاریگەرییەكانی ڕۆژووگرتن لەسەر نەخۆشانی دڵ
نەخۆشییەكانی دڵ چەندان جۆری جیاوازی هەیە و چارەسەركردنیشیان جیاوازە، یەكێكە لەو نەخۆشییانەی كە بە مەترسیدار ناوی دەبرێت، بەڵام نەخۆشییەكی نەگوازراوەیە كە تووشی دڵ و بۆڕییەكانی دڵ دەبێت. تووشبووانی نەخۆشیی دڵ وەك هەموو نەخۆشییەكانی تر لەمانگی ڕەمەزاندا بەشێكیان بەڕۆژووبوون و بەشێكی تریان بەڕۆژوو نەبوونیان بەبەر دەبڕێت.
د. كەمال مەحەمەد نیزامی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرە لەبارەی بەڕۆژووبوونی تووشبووانی نەخۆشیی دڵ لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ "وشە" گوتی، زۆربەی زۆری دەرمانەكانی دڵ ئێستە ڕۆژی یەك جار یان دوو جارە كە دەتوانرێت لە ژەمەكانی ئێوارە و پارشێو دابەش بكرێت، بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر نەخۆشی دڵ و بەڕۆژووبوون ئەنجام دراوە دەركەوتووە كە بەڕۆژووبوون تاڕادەیەك سوودی هەیە.
ئەو پزیشكە باس لە كاریگەرییەكانی بەڕۆژووبوون دەكات و دەڵێت، نەخۆشانی دڵ مانگی ڕەمەزان دوو جۆر كاریگەری هەیە كە كاریگەرییەك نەخۆشەكە خۆی هەستی پێ دەكات، كاریگەرییەكی تر نەخۆشەكە خۆی هەست ناكات، بەڵام هەست دەكات ئازارێكی زۆری هەیە، كە لەم حاڵەتەدا پزیشكی پسپۆڕ نەخۆشییەكەی دەدۆزێتەوە و ڕێنوێنی دەكات.
د. كەمال نیزامی بەسێ بەش باس لە نەخۆشییەكانی دڵ دەكات لە مانگی ڕەمەزان كە بەشی یەكەم نەخۆشییەكە تازە سەری هەڵداوە و لە سەرەتادایە، بەشی دووەم نەخۆشی جێگیری دڵە و بەشی سێیەم نەخۆشی دڵ لەگەڵ چەند نەخۆشییەكی تری وەك "گورچیلە و شەكرە و چەوری"، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی دڵ دەبن، تووشی نەخۆشی دڵی ناجێگیر دەبن كە ئەوانیش بریتین لە نۆرەی دڵی ناجێگیر یا سستبوونی دڵ یان سنگە كوژێیەكی ناجێگیر كە ئەمانە باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن، چونكە دەبێت دەرمانی پێویست بەشێوەی سیستەم بخوات، بۆیە پێویستە ساڵانە پێش مانگی ڕەمەزان سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن بۆ ئەوەی ڕێنوێنی تەواویان پێ بدات و دوور ببن لە هەموو كاریگەرییەكی نەرێنی.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت، ئەو نەخۆشییانەی دڵ كە جێگیرن وەك نەخۆشییەكانی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و سنگەكوژێی جێگر یا سستییەكانی دڵ، نەخۆشییەكانیان دەستنیشانكراو و جێگیرن و دەتوانن تا ڕادەیەك بە ڕۆژوو ببن كە ئەوەیش بەپێی حاڵەت دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە دوو مانگ پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان سەردانی پزیشكی تایبەتی خۆیان بكەن.
لەبارەی ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە قەستەرە هەیە د. كەمال گوتی، بەپێی ڕێنوێنی پزیشكەكە دەتوانرێت بۆی دیاری بكرێت كە تا چەند ناتوانێت بەڕۆژوو ببێت، چونكە لەدوای ئەنجامدانی قەستەرە بۆ هەر كەسێك، پێویستە ئاو و شلەمەنی زۆر بخوات بۆ ئەوەی ئەو مادەیەی بۆی بەكار هاتووە لەكاتی قەستەرەكەدا لە لەشیدا بشۆرێتەوە، چونكە تینووبوون و وشكبوونەوە بۆ ئەو كەسە خراپە و ئەو كەسانەی شەبەكە و باڵۆنیان بۆ دەكرێت، ئەوانیش بەهەمانشێوە بۆ ماوەی دوو هەفتە ناتوانن بەڕۆژوو ببن، چونكە پێویستیان بە وەرگرتنی بڕی دیاریكراو لە شلەمەنی و ڤیتامین هەیە.
هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕحمان
سەرخێڵ
وشە -
سهرخێڵ هاشم