به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستن و ته‌ندروستی دهۆك، یاسایه‌كی بۆ فرۆشتنی شه‌ربه‌تی مێوژ دانا، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رپێچی ئه‌و یاسایه بكات سزا ده‌درێت و نابێت شه‌ربه‌ته‌كه‌ی بفرۆشێت.
له مانگی ڕه‌مه‌زاندا هاووڵاتییان له ته‌واوی كوردستان ڕوو له كڕینی شه‌ربه‌تی سروشتی و به‌تایبه‌ت مێوژ بۆ به‌ربانگ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌زانینی جیاكردنه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی سروشتی و شه‌ربه‌ته ڕه‌نگ و دروستكراوه ناسروشتییه‌كان، زیانێكی زۆر به ته‌ندروستییان ده‌گات و تووشی كێشه ده‌بن.
له پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و دانانی سنوورێك بۆ بازرگانیكردن به فرۆشتنی شه‌ربه‌ته سروشتییه‌كانه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری پاراستنی ته‌ندروستی دهۆك بڕیاری دا، به ته‌واوی چاودێری ئه‌و دووكان و سارده‌مه‌نییانه بكه‌ن كه شه‌ربه‌تی سروشتی و به‌تایبه‌ت مێوژ ده‌فرۆشن.
عیسمه‌ت سه‌لمان به‌رپرسی به‌شی چاودێری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه بۆ "وشه"ی روون كرده‌وه، كه ئه‌م چاودێرییه‌ی دووكانه‌كانی فرۆشتنی شه‌ربه‌تیان له پێناو پاراستنی هاووڵاتییانه، ده‌یانه‌وێت له فریوی بازرگانه‌كان بیانپارێزن و شه‌ربه‌تی خراپ و پڕ له ڕه‌نگ نه‌خۆن.
ئه‌و به‌رپرسه گوتی: "ده‌بێت شه‌ربه‌ته سروشتییه‌كان ماوه‌ی به‌سه‌رچوونیان له‌سه‌ر بێت، بۆ دڵنیاییش له‌سه‌ریان نووسرابێت مێوژ، ناوی دووكان یان سارده‌مه‌نی به‌رپرس له شه‌ربه‌ته‌كه‌ش نووسرا بێت، ئینجا ده‌توانن بیفرۆشن، بێگومان ئه‌مه‌ش دوای چاودێریكردنی لیژنه‌ی پێوه‌ندیدار و دڵنیابوون له كوالێتی به‌رزی پێداویستییه‌كانی شه‌ربه‌ته‌كه".
بۆیه داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ن كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خواردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره شه‌ربه‌تانه كه‌م بكه‌نه‌وه و له هه‌موو كه‌سێكی نه‌كڕن، به‌رده‌وامیش چاودێری ئه‌و نیشانانه بكه‌ن كه له خاوه‌نی دروستكردنی شه‌ربه‌ته‌كان داوا كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له باشی و خراپی شه‌ربه‌ته‌كه دڵنیا بن.
دهۆك _ نه‌وزاد هلۆری