هەفتەی داهاتوو كەنەدا كاروانێكی چەك بۆ پێشمەرگە دەنێرێت

:: AM:10:51:03/12/2016 ‌

جێگری وەزیری بەرگریی كەنەدا ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی بە حكوومەتی كەنەدا داوە كاروانێكی چەك و جبەخانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بنێرێتە هەولێر.

جۆن فۆرستەر جێگری وەزیری بەرگریی كەنەدا بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، لەگەڵ لیژنەی بەرگری و لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی كەنەدا كۆ بووەتەوە و ئەوانیش ڕەزامەندی ناردنی كاروانێكی چەك و كەلوپەلی سەربازییان بۆ پێشمەرگە داوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش ئەو كاروانە بەرەو هەولێر بەڕێ بكەوێت، ئامادەش نەبوو وردەكاری لەبارەی جۆری چەك و ئەو هاوكارییە سەربازییانە بخاتە ڕوو كە وڵاتەكەی بۆ پێشمەرگەی دەنێرێت.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، لە بەهاری ئەمساڵ وەزیری بەرگری هارجێت ساجان و سەرۆكی دەستەی سوپاسالاری هێزەكانی كەنەدا جۆناسان فانس داوایان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و فەرماندەكانی پێشمەرگە كردووە، لیستێكیان بۆ ئامادە بكەن لەبارەی ئەو پێویستییانەی پێشمەرگە هەیەتی، تا كەنەدا بتوانێ لەم ڕووەوە هاوكاری پێشمەرگە بكات.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، كە كەنەدا تا ئێستە بە بڕی نۆ ملیۆن و 500 هەزار دۆلار چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزە چەكدارە شەڕكەرەكانی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناردووە، تا ئێستەش دوو فڕۆكەی چەك و كەلوپەلی سەربازی گەیاندووەتە عێراق.

كەنەدا یەكێكە لە وڵاتانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی حكوومەتی نوێی كەنەدا، پەرلەمانی وڵاتەكە بڕیاری ڕاگرتنی هەڵمەتی فڕۆكە كەنەدییەكانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان ڕاگرت و بڕیاری دا لە ڕێی چەك و مەشقی سەربازییەوە هاوكاری هێزە شەڕكەرەكان دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكات.

سەرچاوە/سكای پرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د