فەرمانی گرتن بۆ تاڵەبانی دەرچوو

:: PM:04:42:03/06/2018 ‌

 

دادگای كەركووك بەپێی بڕیارێك فەرمانی گرتنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەر كرد و  دامەزراوەكان و پۆلیس ڕادەسپێرێت تا فەرمانەكە جێبەجێ بكەن و تاڵەبانی بگرن.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی حوزەیران، بڕیارێكی دادگای كەركووك بڵاو بووەتەوە و تێیدا هاتووە، ڕێبوار فایەق عەبدلومەجید بەپێی بڕیاری ژمارە 1861 بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت.

لە نووسراوەكەی دادگا هاتووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك فەرمانی گرتنی دەردەچێت، پێویستە پۆلیس و دامەزراوەكانی بەرپرس بەپێی مادەی ژمارە 331 یاسای سزادانی عێراقی جێبەجێی بكەن.

ئەو نووسراوەی دادگای كەركووك لە كاتێكدایە ڕێبوار تاڵەبانی لە چەند یاداشتی پێشووی ڕەتی كردەوە بچێتە شاری كەركووك و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە سەرپەرشتی بكات و كەركووكی بە داگیركراو ناو بردووە.

پێشتر ڕێبوار تاڵەبانی لەساڵی 2017 لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بەكۆی دەنگ بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیان دەركرد بۆ سەر داودەزگا حكوومییەكانی شارەكە، ئەمەش وای كردووە لە ڕابردوو لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە چەندان دۆسیەی ئاراستە بكرێت و تا ئێستە دادگا نەیتوانیوە هیچ لەو دۆسیانە لە دژی ڕێبوار تاڵەبانی سەركەوتوو بێت.

مادەی 331ی یاسای سزادانی عێراق كە ڕێبوار تاڵەبانی پێ تۆمەتبار كراوە، لە ناوەرۆكەكەی هاتووە، سزای بەندكردن یان پێ بژاردن یان هەردوو سزاكە بەسەر هەر كارمەندێك یان كەسێكی راسپێردراو بۆ كاری گشتی دەدرێ، كە بە ئەنقەست سەرپێچی ئەركەكانی بكات, یان ئەدای كاركردنی بە ئەنقەست بەجۆرێكی تر بێ كە زیان بە بەرژەوەندی كەسێك بۆ سوودی كەسی لەسەر حسابی كەسانی تر یان دژی دەوڵەت هەبێ.


 





وشە - رامیار جەواد