داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی لە مووسڵ تەقاندەوە

:: AM:11:51:03/12/2016 ‌

بەیانی ئەمڕۆ شەموو لە ڕێی كامیۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە رێكخراوی تیرۆریستی داعش تەقینەوەیەكی خۆكوژی ئەنجام دا و بەوهۆیەوە نزیكەی 30 كوژراو و بریندار لە ڕیزی خەڵكی مەدەنی شاری مووسڵ و سەربازانی سوپای عێراق هەیە.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كرد، كامیۆنە بۆمبڕێژكراوەكەی داعش بە خۆكوژێكەوە لە گەڕەكی قادسیەی دووی بەری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ تەقیوەتەوە و دەنگێكی یەكجار گەورەی لێ كەوتووەتەوە و زیانی یەكجار زۆریشی بە ناوچەكە گەیاندووە و ژمارەی قوربانیانیش ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تا ئێستە 24 كوژراو لە ڕیزی هاووڵاتییانی مەدەنی هەیە كە منداڵ و ئافرەتیش لە ڕیزی برینداران بوونیان هەیە، هەروەها ژمارەیەك سەربازی عێراقیش بەر هێرشە تیرۆریستییەكەی داعش كەوتوون و بە پەلە بەرەو نەخۆشخانەكان دەنێردرێن.

هێرش بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لە حەوتەم هەفتەیدایە و تا ئێستە هێزەكانی عێراق توانیویانە لە بەری چەپی مووسڵ زیاتر لە 20 گەڕەك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و لە كاتێكدا كۆی گەڕەكەكانی بەری چەپی مووسڵ 50 گەڕەك دەبێت، بەگوێرەی ئاماری رێكخراوە مرۆییەكانیش لە دوای دەست پێ كردنی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شارەكە تا ئێستە زیاتر لە 80 هەزار كەس ئاوارەبوون.
رۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاوی دەست پێ كردنی كردەوەگەلی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵیان دەست پێ كرد و لە سەرجەم میحوەرەكانەوە هێڵی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانیان تێكشكاند.

سەرچاوە/ میدیاكانی عێراق.




وشە - باز ئه‌حمه‌د