كاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر سەرئێشە

:: PM:05:00:04/06/2018 ‌
ڕۆژووگرتن بۆ ئەو كەسانەی كە سەرئێشەی بەردەوام یا شەقیقەیان هەیە كارێكی هێندە ئاسان نییە، چونكە لەدوای بەربانگكردنەوەیان لە پەلوپۆ دەكەون، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانن بەڕۆژوو ببن بەپێی ڕێنوێنی پزیشكی.

د. عەبدولرەحمان عەزیز پسۆڕی مێشك و دەمار لەبارەی نەخۆشیی سەرئێشە و ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ بەڕۆژوو ببن بۆ "وشە" گوتی، ئەو كەسانەی كە سەرئێشەیەكی كەم یا شەقیقەیان هەیە لە مانگی ڕەمەزاندا زۆر زیاتر دەبێت، چونكە ماوەیەكی زۆر لە خواردن و خوادنەوە دوور دەبن و تووشی وشكبوونەوە دەبن لە وەرگرتنی چەندان ڤیتامین دوور دەبن لە ماوەی چەند سەعاتێك.

لەبارەی ئەو كەسانەی كە دەڵێن ڕاهاتوون كە بەردەوام چا و قاوە بخۆنەوە و بە نەخواردنەوەی بەردەوامی تووشی سەر ئێشەی قورس دەبن، ئەو پزیشكە پسپۆڕە گوتی، هەمیشە بەو كەسانە دەڵێین كە سەرئێشەی قورس یاسووك یا شەقیقەیان هەیە ماوەی دوو هەفتە بۆ مانگێك پێش ڕەمەزان دەبێت خواردنەوەی ئەو مادانەی كە كافاینیان تێدایە لە خۆیان دوور بگرن، وردە وردە خۆیان لەسەر كەمكردنەوی ڕابهێنن بۆ ئەوەی لە كاتی بەڕۆژووبووندا كاریگەری زۆری نەبێت.

ئەو كەسانە دەبێت سیستەمی خەویان ڕیك بكەنەوە، چونكە تێكچوونی سیستەمی خەو بەتایبەتی كەمخەوی كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەرئێشە هەیە و ڕۆژووەوان لەكاتی ڕۆژوو لە دوای رۆژوو شكاندنیش هەراسان دەكات، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەوەی كە سیستەمی خەو تاڕادەیەك شێوازی ژیان تێك دەچێت لە ڕەمەزانان، بەڵام پێویستە ڕەچاوی باری تەندروستی بكرێت بۆی بتوانن ڕەمەزانێكی تەندروست بەڕێ بكەن.

باشترین خەویش ئەوەیە كە شەوانە سەعات 10:30 بخەون تا 2:30 دوای نوێژی بەیانی دووبارە بخەونەوە، گرنگترین شت كە نابێت پشتگوێ بخرێت دەبێت ئەو كەسە نانخواردنی پارشێوان فەرامۆش نەكات.

ئەوانەی سەر ئێشەیان هەیە دوو كۆمەڵن:
یەكەم-  ئەو ئازارانەن كە بەبێ هۆكارێكی ئەندامی (ئۆرگانی) دروست دەبن.
 دووەم- ئەوانەن كە هۆكارێكی ئەندامی لە پشتەوەیە، وەك گرانەتا، چاو كزی، دەرمان یان شێرپەنجەی مێشك. چۆن ئەم دوو كۆمەڵەیە لەیەك جیا دەكرێنەوە ئەوە ئەركی پزیشكی هەناوییە، بۆیە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان پێویستە سەردانی پزیشكی مێشك و دەمار یان هەناو بكەن، بۆ ئەوەی دڵنیا ببن ڕێ پێدراون بۆ بەڕۆژووبوون.

هەرە باوترین سەرئێشە ئەوەیە كە پێی دەگوترێت سەرئێشەی پەشۆكان كە لە سەعاتەكانی دوای نیوەڕۆیان دەست پێ دەكات و پاش نانخواردن تەنیا سەرقورسبوون دروست دەكات. زۆربەی كات بە نووستن یان حەبێك چاك دەبێت، ئەم حاڵەتەش لە مانگی ڕەمەزاندا جیاوازە، چونكە كەسی تووشبوو نەدەتوانێت نان بخوات نە دەرمان، بۆیە لەكاتێك هێرشی ئازاری بۆ دێ، پێویستە ڕۆژووەكەی بشكێنی.

تەنیا بەڕۆژووبوون "خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە" نابێتە هۆی سەرئێشە، بەڵكو ئەمانەیش بەشێكی ترن لە هۆكارەكانی سەرئێشە.

1-  تێكچوونی خەو، كەم یان زۆر خەوتن.
2- خواردنی شیرنەمەنی و شیرەمەنی كە لە ڕەمەزانان زۆرتر دەبێت.
3- گوشاری دەروونی.
4- سەفەركردن، مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لە ناو ئۆتۆمبێل یا فڕۆكە.
5- تەرككردن یان نەخواردنی ژەمێكی خواردن، بۆیە نەخۆشەكە رەمەزانان پەكی دەكەوێت.
6- سەرمابوونی شان و مل.
7- سووڕی مانگانەی ژنان.
بێگومان بە ڕێككردنەوەی ئەم خاڵانە لە سەرئێشە خۆت دەپارێزیت، بۆیە پێویستە كەسی تووشبوو ئاگاداری جۆری خواردن و شێوازی ژیانت بیت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم